وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، 15ـی مانگی ئاب هەردوو لیژنەی باڵای عێراق – تورکیا کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەنقەرە لە هەرێم، تا ئێستا هیچ هێرش و ئۆپراسیۆنێک ئەنجامنەدراوە تەنها چەند جموجۆلێک هەیە ئەو جموجۆڵانەش لە ساڵی 191ـەوە بوونیان هەیە.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی کۆتایی هاتنی لوتکەی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە کاتی بەرێوەچوونی ئەو لوتکەیەدا چەندین گفتوگۆ و دیداریان لەگەڵ هاوپەیمان و وڵاتانی هاورێێ عێراق هەبووە بە تایبەتی لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.
فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، پوختەی گفتوگۆکان لەبارەی پەیوەندییەکانی عێراق بووە لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی ناتۆ و دۆسیەی جەنگی غەززە و دۆخی سەربازی عێراق، تەوەرێکی گفتوگۆکانیش لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا بوو، بەڵام بابەتی سەرەکی دانیشتنەکان بابەتی ئابووریی و سیاسی بوون.
ئەوەشی خستەڕوو، چاوی کەوتووە بە وەزیرەکانی دەرەوەی کوێت، ئیسپانیا، بەحرەین، ئەمریکا، کرواتیا و تورکیا، هەروەها دانیشتنێکی لەگەڵ لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەنجامداوە.
وەزیری دەرەوەی عێراق باسی لەوەشکرد، چەند کۆوبونەوەیەکی گرنگی لەگەڵ بەرپرسانی کۆشکی سپی دەبێت، باس لە بابەتەکانی ئابووری، نەختینە، سیاسەتی بانکی عێراق دەکەن، بابەتی تایبەتی گفتوگۆکانیشیان پارە کەڵەکەبووەکانی ئیرانە لە بانکەکانی عێراق.
ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەگەڵ لایەنەکانی تورکیا دیداری بەردەوامیان هەیە و لە واشنتنیش چاوی بە هاکان فیدان وەزیری دەرەوە کەوتووە، رۆژی 15ـی مانگی ئاب لیژنەی باڵای عێراق بە سەرۆکایەتی فوئاد حسێن لەگەڵ لیژنەی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی هاکان فیدان گفتوگۆ لەبارەی ئۆپراسیۆنەکانی هێزەکانی ئەنقەرە لە هەرێمی کوردستان دەکەن لیژنە باڵاکانی هەردوولا “لیژنەی ئەمنی سیاسی”ن.
فوئاد حسێن دەڵێت، “هێزەکانی تورکیا تا ئێستا هێرشێکی لە نێو عێراقدا نەکردووە و تەنها کۆمەڵێک جموجۆڵی سەربازی هەیە، ئەو جموجۆڵانەش لە ساڵی 1991ـەوە هەیە.