چارەنووسی تورکمانەکان: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • چارەنووسی تورکمانەکان: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

چارەنووسی تورکمانەکان: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

لە دوای ناکۆکیەکی زۆر، بەرواری ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دیاریکرا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق. ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە، وا دەکات ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرینگتربێت.

ئه‌یلول 9, 2023 14:23
چارەنووسی تورکمانەکان: هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک
0

لایک

بۆ زانینی راوبۆچوون و ئامادەکارییەکانی بەرەی تورکمانی عێراقی کە بڕیارە بەشداربێت لە هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کەرکووک، وەک رۆژنامەی تەبا چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ جەودەت زولال، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی بەرەی تورکمانی عێراقی ئەنجامدا.

جەودەت زولال، سەبارەت بە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت، “ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک پێکدێت لە ١٦ ئەندام، و گەر باس لە کۆتا بکەین ئەوا برا مەسیحیەکانمان کورسی و ئەفرەتانیش ٤ کورسیان هەیە. واتە لە کۆی گشتی ١٦ ئەندام دەبێت چواریان  ئافرەت بێت و یەکیشیان مەسیحی بێت.”

هاوکات زولال، بە تایبەت باس لە کۆتای ئافرەتان دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە هەر ئافرەتێک دەنگی زیاتر لە پیاوێک هێنابێت ئەوا بەدەر لە مافی کۆتاکەن دەردەچێت کۆتاکە وەک خۆی دەمێنێتەوە.

ناوبراو، هۆکاری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە دەگەرێنتەوە بۆ تورکمانەکان و دەڵێت، “تورکمان هەمیشە رێگربووە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان”.

بەرپرسی هەڵبژارنەکانی بەرەی تورکمانی وتی: “لەرابردوودا نزیکەی ٢٦٠ هەزار کەس بەنایاسایی زیاتکران لە لیستی دەنگدەران و بەمهۆیەوە ئێمەش دژی هەموو هەڵبژاردنێکبووین کە ئەنجام بدرایە. هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ٢٠١٣ کراوە بەڵام لە کەرکووک کۆتا هەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٠٥ئەنجام دراوە. لە دوای ئەمانە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاری راگرتنی کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی دا. بەڵام لەگەڵ راگرتنی کارەکانیان، ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵنەوەشانەوە. جیاوازی هەیە لە نێوان راگرتنی کارەکان و هەڵوەشاندنەوە.”

هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق چەند گرینگە بۆ بەرەی تورکمانی عێراقی؟

من دەمەوێت لەرێگای رۆژنامەی ئێوەوە بە هەموو خەڵکی کەرکووک بڵێم کە لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە هەڵبژاردن ئەنجامنەدراوە، دەبێت نەتەوەی تورکمان خۆی ئامادەبکات بۆ هەڵبژاردنەکان چونکە بۆ بەدەستهینانی پشکێک لە ئەنجومەنی پارێزگاکە هەموو لایانەکان ئامادەکاری خۆیان دەکەن.

وەک دەیزانن کە بە هۆی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک لە ساڵی ٢٠٠٥ـەوە سەرجەم کارەکانی رادەستی قایمقامیەت کراوە. واتە هەموو بڕیارێک لە لایەن قایمقامیەتی کەرکووک دەدرێت. بەڵام دوای دامەزراندنی ئەنجومەنی پارێزگای نوێ، زۆرێک لە کارەکان لە لایەن ئەنجومەنەوە بەرێوەدەبردرێت؛ وەک دامەزراندنی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەکان و پڕۆژەکان دەخرێنە بەردەم ئەنجومەن، واتە هەرچی لە کەرکووک رووبدات لە ڕێگەی ئەنجومەنەوە دەبێت.

لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، کۆمسیۆن دروستدەکرێت بۆ کاروباری کەرکووک. بۆ نموونە گەر هاتوو کۆمسیۆنی دامەزراندن دروستکرا، ئەوا پێویست ناکات خەڵک بۆ داوا کردنی دامەزراندن بچێتە دامودەزگا فەرمیەکان بەڵکو سەردانی کۆمسیۆنی دامەزراندن دەکات و ئەوانیش پرۆسەی دامەزراندن ئەنجام دەدەن. دەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم کە نەتەوەی تورکمان بە ئاگایە، ئاگاداری ئەو کارانەیە و پشت بە خوا نەتەوەی تورکمان لەم هەڵبژاردنە بەشداری دەکات و بوونی خۆی دەسەلمێنێت.

بەرەی تورکمانی عێراقی پشتگیری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ دەکات؟

ئەم بابەتە تەنها پەیوەست نییە بە سەرژمێری، چونکە لە ساڵی ٢٠١٨ یاسای هەڵبژاردن دەرچوو و بڕیار بوو لە هەمان ساڵدا هەڵبژاردن بکرێت. بەڵام دواخرا بۆ ساڵی ٢٠١٩، پاشان بە هۆی خۆپیشاندانەکان دواخرا بۆ ٢٠٢٠، پاشان بۆ ٢٠٢١  و ٢٠٢٢ وە لە کۆتایش دا ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ دەستنیشان کرا بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان. حەسەن توران، سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی ئێستا، لە کۆمسیۆنی یاسادانانی هەڵبژاردنی ئەوکاتبوو. یاسایەک بە ناوی مادەی ٣٥ دەرهات کە باس لە دانانی کۆمسیۆنێک دەکات کە بریکاری چوار وەزارەتی تێدابێت و هەروەها ئەندامێک لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق لە خۆبگرێت و هەروەها داوادەکرا کە داوای پێداچوونەوە بۆ ئەو ٢٦٠ هەزار دەنگدەرە بکەن کە زیادکراوە. بەڵام لایەنی بەرامبەر داوای هەڵوەشاندنەوەی ماددەی ٣٥ـی لە دادگای باڵای عێراق کرد. خۆشبەختانە نەتەوەکەمان لەگەڵمان بوو وە توانیمان ئەو ماددەیە بپارێزین و ئێستا بە ناوی مادەی ١٣ بوونی بەردەوامە. مادەی ١٣ـەش داوا دەکات لە ٥ وەزارەت کۆمسیۆنێک پێکبهێنرێت و هەموو ئەو نوێنەرانەی کەرکووک لە ئەنجومەنی نوێنەرانن سەرپەرشتی ئەم کۆمسیۆنە دەکات.

هاوکات شایەنی باسە کە د. فەتاح محەمەد، ئەندامی دەستەی کۆمیسیاری عێراق سەرپەرشتی کۆبوونەوکانی پشکینینی لیستی دەنگدەرانی هەڵبژاردنەکە دەکات و بە پێی مادەی ١٣، ئەوەی ناوی لە لیستی دەنگدەرانی ساڵی ١٩٥٧ هەبێت و مافی هەبێت لە ماددەی ١٤٠ ئەوا لە کەرکووک دەمێنێتەوە و ئەوەی ناوی لیستەکەدا نەبێت ئەوا بەپێی کارتی دەنگدان دەچێتەوە دەرەوەی کەرکووک.

جگە لە بەرەی یەکگرتووی تورکمانی عێراق هیچ هاوپەیمانیەکی تری سەر بە تورکمانەکان هەیە؟

لە دوای ماندووبوونێک و زنجیرە کۆبوونەوەیەک حەسەن توران سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراقی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی لە ساڵی ٢٠١٨ بە ٨ پارتەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانمان کرد و بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان بە ٩ پارت بەشداری دەکەین، کە نۆیەمینیان پارتی یەکگرتووی ئیسلامی تورکمانییە بە سەرۆکایەتی جاسم جەعفەر. ئەم هەوڵە هەموو پارتە تورکمانییەکان لە کەرکووک کۆکردەوە و بووە تاکە لیستی تورکمانی لە کەرکووک. جگە لە ئێمە هیچ لیستێکی تری تورکمانی نییە و ئەمەش متمانە بە خەڵکی کەکووک دەدات. چونکە پارتە عەرەبەکان ٤ و کوردەکان بە ٤-٥ هاوپەیمانیەتی جیاجیا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەن.

ماوەیەک پێش ئێستا لیستێک بڵاوکرایەوە کە گوایە ناوی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای بەرەی تورکمانی تێیدا نووسراوە. ئەمە تا چەند راستە؟

کاتێک داواکاریمان ئاراستەی فەرمانگەی هەڵبژاردنی کەرکووک کرد، داوامان لێکردن کە گەرەنتیمان بۆ بکەن کە ئەم لیستە دزەپێنەکرێت. بەداخەوە کەسانی لاواز لە ناو فەرمانگەکە هەن ، هەموو لیستەکان دزەیان پێکراوە، بە لیستەکانی ئێمەشەوە. دەبێت فەرمانبەرەکانی فەرمانگەی هەڵبژاردن بێلایەن بن، بەڵام بەداخەوە بەلاڕێدا دەچن و ئەم لیستانە دزەپێدەکەن. لە کاتی پێشکەشکردنی داواکاریەکانمان بۆ لقی پارتەکانی کەرکووک، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکە قسەمان کرد و بەڵێنی پێداین کە دزەپێناکرێت.

لەسەر داواکاری کۆمسیۆنی دارایی، لیستەکەمان ئامادەکرد و ١٠ ملیۆن دینارمان لە بانک دانا. هەروەها بۆ هەر کاندیدێک ٢٦٧ هەزار دینار بۆ ناو تۆمارکردن درا، بۆ تەواوکردنی کارەکانی فەرمانگە لیستی ناوی کاندیدەکانیان ویست و منیش ناوەکانم جێگۆرکرد و پێشکەشکرد. واتە ناوی کاندیدەکان راستن بەڵام جێگاکانیان گۆرانکاری پێکراون چونکە من دەمزانی کە ئەم لیستە دزەپێدەکرێت. ئەم هەوڵە، خیانەتە بۆ لیستی تورکمانی و هەموو لیستەکانی تر. ئێمە دەست بە کاری یاساییەکان دەکەین. دەبێت هەموو دامودەزگا فەرمیەکانی حکومەت یەکسان بێت لەگەڵ هەموو پارتەکان.

بەرەی تورکمانی چ ئامادەکارییەک دەکات بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگا؟

لە قۆناغی یەکەمدا داوا لە نەتەوەکەمان دەکەین داواکاری پێشکەش بە ناوەندی هەڵبژاردن بکەن و خۆبەخشانە کار بکەن. لە قۆناغی دووەمدا کارتی بایۆمەتری هەڵبژاردن لە ٤٣ ناوەندی هەڵبژاردن لە کەرکووک ماوە، بەتایبەتی لەو ناوەندانەی هەڵبژاردن کە تورکمانەکان تێیدا زۆرینە پیکدەهێنن و بانگهێشتی نەتەوەکەمان دەکەین ئەگەر کارتەکەیان ماوەتەوە ئەوا بچن بۆ هێنانەوەی کارتەکەیان و ئەوەی دەرینە‌هێناوە بە زووترین کات دەریبێنێت. دوای هاندانی هەڵبژاردن لەگەڵ کاندیدە هەڵبژێردراوەکانمان ڕێنمایی نەتەوەکەمان دەکەین لەسەر چۆنیەتی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردندا.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان چ گۆڕانکارییەک لە کەرکووک روودەدات؟

بێگومان بەپێی مادەی ١٣ لایەنەکان هەر چەند دەنگێک بەدەست بهێنێت، مافی ئەوەیان نییە کە دیمۆگرافیای کەرکووک بگۆڕن. بە واتایەکی تر، لە چوار ساڵی داهاتوودا، ناتوانرێت هیچ بڕیارێک لە دژی کەرکووک و خەڵکی کەرکووک بدرێت.

هەواڵ: ئەمیر دامرچی

En az 10 karakter gerekli