ماوەی تۆمارکردنی کاندیدان و لایه‌نه‌كان درێژکرایەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق جارێكی دیكه‌ واده‌ی تۆماركردنی  کاندیدان و لایه‌نه‌كانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژکردەوە و تا 27ی ئه‌م مانگه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند: درێژكردنەوەی تۆماركردنی هاوپەیمانیەتییەكان و پارتەكان و كاندیدی پێكهاتەكان كە ئارەزووی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان – عێراق 2024 هەیە رادەگەیەنین.

راشیگەیاند: ماوەی درێژكردنەوەكە تا كۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی 27/6/2024 دەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە كە بەگوێرەی وادەكەی پێشووتری كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە تۆماركردنی هاوپەیمانێتی و کاندیدانی پێکهاتەکان كۆتایی دەهات.

شایەنی باسە تاكو ئێستا 12 حیزب و 2 هاوپه‌یمانی و 77 كاندید ناوی خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنی خوولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق تۆمار كردووه‌.