وەزارەتی ناوخۆ: هەر شوێنێک سیمکارتی بێ مۆڵەت بفرۆشێت تووشی پێبژاردن دەبێتەوە
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆ لە ڕاگەیاندراوێکدا ڕایگەیاند "بەپێی ڕێنمایی ژمارە 8ـی ساڵی 2021ـی هەمووارکراو، لەبەر ڕۆشنایی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ نوێنەری حەوت کۆمپانیای موبایل و ئینتەرنێت، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە، چەند بڕیارێک لەسەر سیمکارتی بێمۆڵەت دراوە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان - عێراق نووسراوی فەرمی بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێم کردووە و داوایان لێدەکات دەست بگرن، بەسەر هەموو ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێنوێنییە یاساییەکان دەفرۆشرێن.
هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاریانداوە، لە یەکێکیاندا هاتووە: "لیژنەی تایبەتمەند لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کاری پێویست بکات، بە چاودێریکردنی بازاڕ و دەستگرتن بەسەر ئەو سیمکارتانەی لە دەرەوەی رێوشوێنە یاساییەکان دەفرۆشرێن".
هەروەها یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی وەزارەتی ناوخۆ کۆمپانیاکانی ناچار بە جێبەجێکردن دەکات، ئەوەیە، بریکارە سەرەکی و لاوەکییەکانی فرۆشتنی سیمکارت دەبێت فۆڕمی خۆتۆمارکردن پڕبکەنەوە، بە پێچەوانەوە بریکاردارێتی فرۆشتنی سیمکارتی لێ وەردەگیرێتەوە.
بەگوێرەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان - عێراق، هەر شوێنێک سیمکارتی بەبێ رێکارە یاساییەکان لێ بفرۆشرێت دادەخرێت و بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ سزای پێبژاردنی بۆ دەکرێت.