وادەی خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکرێت

پەرلەمانتارێکی عێراق رایگەیاند، لە دانیشتنی داهاتوی پەرلەمان دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێتەوە، پێویستە کاندیدێک لە گەڕی یەکەم یان دووەمی هەڵبژاردنەکە 166 دەنگ بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی پۆستەکە وەربگرێت. ئەحمەد جبوری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و سیستمی ناوخۆی پەرلەمان، لە دانیشتنی داهاتوو دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی کاندیدەکان لە دانەیەک زیاتر دەبێت و شێوازی دەنگدانیش بە شێوەی راستەوخۆ و نهێنی دەبێت، هەر کاندیدێکیش 166 دەنگ لە گەڕی یەکەم یان دووەمی دەنگدان بەدەستبهێنێت، دەبێت بە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. لە رۆژی سێشەممە دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا کۆتایی بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بهێنێت، ئەویش لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی پەرلەمانتار.