ئێران هەموو گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ ئەورووپا هەڵوەشاندەوە

وتەبێژی دامەزراوەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران، هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی "ئێران ئێر"ی بۆ وەڵاتانی ئەورووپا ڕاگەیاند و دەڵێت، "بڕیارەكە لەبەر ئەوە دراوە، گرفتی نەدانی مۆڵەتی نیشتەوەیان بۆ دروست نەبێت".

جەعفەر یازلۆ، وتەبێژی دامەزراوەی فڕۆکەوانی مەدەنی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە بە میدیاكانی وڵاتەكەی ڕاگەیاند، دوابەدوای سەپاندنی سزا بەسەر کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئێرانی ئێران ئێر، هێڵی ئاسمانی ساها و ماهان ئێر، كۆمپانیاكە گەشتەکانی بۆ ئەورووپا هەڵوەشاندەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە دەرئەنجامەکانی نەدانی مۆڵەتی نیشتنەوە لە فڕۆکەخانەکان و دروستبوونی گرفت بۆ سەرنشینەکان، دوور بكەونەوە.

وتەبێژەكەی دامەزراوەی فڕۆکەوانی ئێران باسی لەوەشكرد، سەرجەم گەشتە ئاسمانیەكانی ئەمڕۆ بۆ ئەورووپا و بەپێچەوانەوە هەڵوەشاونەتەوە و سەبارەت بە ڕۆژانی داهاتووش لە ئێستاداهیچ شتێكیان پێ ڕانەگەیەندراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، گەشتەكان بۆ پاریسی پایتەختی فەڕەنسا بۆ ماوەیەك هەڵوەشاوەتەوە و بۆ وڵاتەكانی دیكەش تا ئێستا هیچ بڕیارێك نەدراوە.

ئەوە لە كاتێكدایە دوێنێ یەكێتی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزیرانی دەرەوەی یەكێتیەكە سزایان بەسەر 14 ناوەند، كۆمپانیا و کەسایەتیدا سەپاندووە، لەوانە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئێرانی ئێران ئێر، هێڵی ئاسمانی ساها و ماهان ئێر، هەروەها سزاكان بریکاری وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە و ژمارەیەك لە فەرماندە باڵاکانی سوپای قودسیشی گرتووەتەوە.