بە بۆنەی 16ـی ئاب و دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دەکات و جەخت لەسەر هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن دەکاتەوە.
لە پەیامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی بۆ مەکتەبی سیاسیی پارتیدا هاتووە: “لەیادی حەفتاو ھەشت ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی بەڕێزتان و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەکەین”.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئاماژەی بەوەکردووە: “ئەمڕۆ کوردستان لە ھەر کاتێک زیاتر پێویستی بە ھەماھەنگی و پێکەوەکارکردن و پتەوکردنی ڕیزەکانی ھەیە لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، لەپێناوی چاککردن و گەشەپێدانی زیاتری حوکمڕانی ھەرێم لە ڕێی ئاوەدانی ئیستحقاقە نەتەوەیی و مافە دەستوورییەکانمان لە عێراقی فیدڕاڵدا”.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: “بێگومان ھەڵبژاردنی داھاتووی کوردستانیش دەرفەتێکی باشە بۆ نوێکردنەوەی ئەزموونی دیموکراتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەمان کە ئامانجی بنەڕەتی کوردایەتی و خەباتی ڕەوای کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە”.
هەروەها مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئومێد دەکات، یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێتە فاکتەری پتەوکردنی گیانی ھاوکاری و لێک تێگەیشتنی زیاتری نێوان گشت لایەنەکان، بە ھەردوو حزبیشەوە .