سەبارەت بە رووداوەکانی حەمدانییە پوتن سەرەخۆشی لە عێراق دەکات
ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا سەرەخۆشی لە عێراق دەکات بەهۆی رووداوەکەی حەمدانییەوە کە بەهۆیەوە 94 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.
ئەمڕۆ چوارشممە 27ـی ئەیلوولی 2023، کۆشکی سەرۆکایەتی رووسیا (کریملن) پەیامێکی سەرەخۆشی پوتنی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە: "تکایە هاوخەمی دڵسۆزانەمان قبوڵ بکەن سەبارەت بەو ئاگرە دڵتەزێنەی لە شاری حەمدانییە روویدا کە قوربانی زۆری لێکەوتەوە".
سەرۆکی رووسیا دەشڵێت: جێگەی داخە کە ئەم کارەساتە لە ناوەڕاستی ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا روویداوە.
پوتن هەروەها هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکار و هاوڕێیانی قوربانیانی رووداوەکە دەربڕی و هیوای زوو چاکبوونەوەی بریندارەکانی خواست.
درەنگانی شەوی رابردوو، لە قەزای حەمدانییەی سنووری پارێزگای نەینەوا لە هۆڵێکدا کە ئاهەنگی هاوسەریگیری لێئەنجام دەدرا، ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە 94 کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکەش بریندار بوون.