شوێنی مانەوەی بنیامین ناتانیاهۆ بە درۆن کرایە ئامانج

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بەڵام لەوکاتەدا خۆی و هاوژینەکەی لە ماڵ نەبوون.

شەممە، 19ـی ئۆکتۆبەری 2024، دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕایانگەیاندووە "فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان بەر باڵەخانەیەکی گەڕەکێک کەوتووە لە نزیک ماڵی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل."

لە ڕاگەیاندنەکە هاتووە "فڕۆکەکە بە دووری 70 کیلۆمەتر لە لوبنانەوە فڕیوە و بەر باڵەخانەیەک لە گەڕەکێکی ئیسرائیل کەوتووە نزیک ماڵی بنیامین ناتانیاهۆ."

ڕۆژنامەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ” لە قیساریە شوێنیک بە ئامانج گیراوە، کە شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەتی ناتانیاهۆیە”.

هەروەها سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، سێ درۆن لە لوبنانەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێردەستیان کراون و بەرپەرچی دووان لەو درۆنانەیان داوەتەوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی پشتڕاستی کردەوە کە ئامانجی ئەم هێرشە ڤێلای تایبەتی ناتانیاهۆ بووە لە قیساریە.

تا ئێستا نووسینگەی ناتانیاهۆ بە هۆکاری ئەمنی ڕەتیکردۆتەوە هیچ لێدوانێک لەسەر شوێنی ناتانیاهۆ بدات.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئیسڕائیل، زۆرجار ناتانیاهۆ و خێزانەکەی کۆتایی هەفتە لە ڤێلایەک لە قیساریە بەسەر دەبەن ئەگەرچی ناوبراو خاوەنی زیاتر لە خانوویەکە لە قودس.