سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر قورئانی پیرۆزی دەکات

سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر قورئانی پیرۆزی دەکات

سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر قورئانی پیرۆزی لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم پایتەختی سوید بە "نابەرپرسیارانە" لەقەڵەم دا.

ته‌مموز 21, 2023 12:04
سعوودیە سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر قورئانی پیرۆزی دەکات
0

لایک

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە راگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی رێگەدان بە دووبارەبوونەوەی کاری ئیستیفزازیانە و بریندارکردنی هەستی ملیۆنان موسڵمان لە سەرتاسەری جیهان کرد لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی سویدەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە کاردانەوە لە بەرامبەر ئەم کارە ئیستیفزازییە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سوید نێردراوە، تیایدا هاتووە: “دەبێت هەموو جۆرە رێوشوێنێکی پێویست بگیرێتە بەر بەرامبەر ئەو کارە قێزەونانەی تەواوی بەها پیرۆزەکانی ئایین و یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن”.

 دوێنێ هاووڵاتیی بە رەچەڵەک عێراقی، سەلوان مۆمیکا کە پێشتر لە سوید ئاگری لە قورئانی پیرۆز بەردابوو، لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی پێ کردن.

مۆمیکا کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆر پۆلیس لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم پارێزرا، وێڕای کاردانەوەکان قورئانی پیرۆز و ئاڵای عێراق خستە ژێرپێی خۆی و سووکایەتی بە ئیسلام کرد.

سەلوان مۆمیکا پێی خۆی بە قورئان و ئاڵای عێراق و وێنەی سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر سڕییەوە و دواتر ئاڵای عێراقی ئاگر تێبەردا.

لە بەرامبەردا حکوومەتی عێراق داوای لە باڵیۆزی سوید لە بەغدا، جێسیکا سڤێردسترۆم کرد عێراق جێ بهێڵێت.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بە توندترین شێوەی ئیدانەی دەستدرێژیکردنە سەر قورئانی پیرۆز لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە ستۆکهۆڵم کرد.

سەلوان مۆمیکا لە 28ی حوزەیران کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان لە بەردەم مزگەوتی ستۆکهۆڵم قورئانی پیرۆزی سووتاند و لەو کاتەیشدا لەلایەن پۆلیسەوە دەپارێزرا.

ئەمە جگە لە وڵاتانی ئیسلامی لە سەروویانەوە تورکیا، عێراق، پاکستان، ئێندۆنیزیا و ئەفغانستان کاردانەوەی ژمارەیەک وڵاتی دیکەیشی بەدوای خۆیدا هێنا کە ئەمریکا و رووسیایش لەنێو ئەو وڵاتانەدا بوون.

En az 10 karakter gerekli