دوای زیاتر لە هەفتەیەک لە ونبوونی گەنجێکی کەرکوک تەرمەکەی بە کوژراوی دۆزرایەوە

تەرمی گەنجێک بەناوی قەحتان سەباح فەتاحی تەمەن 29 ساڵ دۆزرایەوە کە هەفتەیەک پێش ئێستا، خانەوادەکەی سکاڵایان لە بنکەکانی پۆلیس تۆمارکرد و داوای دۆزینەوەی کوڕە ونبووەکەیان کرد کە ماوەی هەفتەیەکبوو رۆشتبووە دەرەوە و نەگەڕابووەوە.

پۆلیسی کەرکوک راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس دوو هاوڕێی قەحتانیان بەتۆمەتی کوشتنی ناوبراو دەستگیرکرد، دوای لێکۆڵینەوەش لەگەڵیاندا دانیان بەوەدا نا کە هاوڕێکەیان کوشتووە و بیرێکی نزیک فلکەی ئیخوان لەگەڕەکی رەحیماوا تەرمەکەیان فڕێداوە.

جێی باسە، تۆمەتبارەکان ئۆتۆمبێلەکەی (قەحتان)یان بردووەتە دەرەوەی شاری کەرکوک و بەبڕێک پارە فرۆشتوویانە، لەئێستاشدا لێکۆڵینەوەی زیاتریان لەگەڵ ئەنجامدەدرێت.