ژمارەى قوربانیانى بەیەکدادانى دوو شەمەندەفەرەکەى هیندستان لە بەرزبونەوەدایە

دواى ئەوەى بەرەبەیانى ئەمڕۆ پێنج تەرمى دیکە لە رووداوى پێکدادانى دوو شەمەندەفەرەکەى هیندستان دەرهێنران، ژمارەى گیانلەدەستدان بەرەو بەرزبوونەوە هەنگاوینا.

رۆژی هەینی رابردوو، شەمەندەفەرێکی نەفەرهەڵگر لە ڕێڕەوی خۆى لایدا و خۆی کێشا بە شەمەندەفەرێکی دیکە لە نزیک قەزای بالاسۆر لە ویلایەتی ئۆدیشای هیندستان کە لانیکەم تائێستا 293 کەس گیانیان لەدەستدا  و زیاتر لە 850 کەسیش برینداربوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنج تەرمی دیکە دۆزرانەوە و کارمەندێکی تەندروستیش بە رۆیتەرزى وتووە "نازانین چەند تەرمی دیکە ماون".

کرێکاران بە ئامێرە قورسەکانەوە خەریکی پاککردنەوەی رێڕەوی تێکچوو و شەمەندەفەرە وێرانبووەکان و کێبڵی کارەبان، لەکاتێکدا کەسوکاری قوربانیان لە شوێنى رووداوەکە ئامادەن و هەندێکیان تائـیستا هیچ سۆراغێکیان لە کەسەکانیان نییە.