وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکانی کوالێتی کۆنتڕۆڵ بەردەوامن لە پشکنینی ئەو کاڵایانەی لە رێگەی دەروازە سنورییەکانەوە دێنە عێراق، بەڵام هەندێک کردەوەی قاچاخ و دزەپێکردنی کاڵا لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێم هەیە، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگییەکی باشیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە بۆ یەکخستنەوەی رێکاری خاڵە سنوورییەکان و سیاسەتی گومرگ.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، دەزگای ناوەندی بۆ کوالێتی کۆنتڕۆڵ، لە رێگەی واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، بەردەوامە لە پشكنینی ئەو کەلوپەل و کاڵایانەی هاوردەی عێراق دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەند کێشەیەک لە دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان هەیە، لەو دەروازە نافەرمییانەش کردەوەی قاچاخ و دزەکردنی کاڵا و کەلوپەل هەیە، وەزارەتی ناوخۆش بەبەردەوامەی رێکارەکانی بۆ رێکخستنەوەی سنوورەکان دەگرێتە بەر.
ئەوەشی خستەڕوو، هەماهەنگییەکی ئاست باڵا هەیە لە نێوان بەغداد و هەرێم بۆ یەکخستنەوەی رێکارەکانی تایبەت بە خاڵەسنوورییەکان، بە هەمان شێوە نیازی یەکخستنەوەی سیاسەتی گومرگیشیان هەیە.
باسی لەوەشکرد، چەند وەزیرێکی حکومەتی عێراقی لەگەڵ وەزیرەکانی دارایی و ناوخۆ و چەند بەرێوەبەرێکی گشتی و راوێژکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کۆبوونەتەوە، لە کۆبوونەوەکەش گفتوگۆ لە بارەی دانانی میکانیزم و سیاسەتی هاوشێوە لە دەروازە سنوورییەکان کراوە