دوای تێپەڕبوونی 10 مانگ بەسەر کوشتنی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەددین، ئەمڕۆ لە دادگای ھەولێر دووەمین دانیشتنی دادگاییکردنی بکوژەکە بەڕێوەدەچێت.
رۆژی 30ی نیسانی ئەمساڵ یەکەم دادگاییکردنی بکوژی ھەر دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەددین بەڕێوەچوو، بەڵام لەسەر داوای پارێزەری تۆمەتبارەکە، دادوەر بریاریدا بە دواخستنی دادگایکردنەکە بۆ ئەمڕۆ.
پێشتریش برزۆ سەعید پارێزەری دۆسیەی کوژرانی دوو مامۆستاکە رایگەیاندبوو، بەگوێرەی دوایین راپۆرتی پزیشکی، تۆمەتباری رووداوەکە ھیچ کێشەیەکی دەروونی نییە و لەکاتی لێکۆڵینەوەشدا دانی بەوەداناوە کە پێشوەخت ئامادەکاری بۆ کوشتنی دوو مامۆستاکە کردووە.
رۆژی 28ی حوزیرانی ساڵی رابردوو کەسێک بەچەک دوو مامۆستای زانکۆی سەڵاحەددینی کوشت و پاسەوانێکی زانکۆکەشی بریندار کرد، لەسەر ئەو رووداوەش تۆمەتباری سەرەکی رووداوەکە و باوکی لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.