سەرۆکی رووسیا هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی پریگۆژین دەربڕی و دەڵێت، “بەڕاستی پیاوكی لێهاتوو بوو بەڵام هەڵەی کرد و چاوەڕێ دەکەین بزانین ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە کوێ دەگات.”
ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، هاوخەمی خۆیان بۆ بنەماڵەی پریگۆژی دەردەبڕن و لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانەوە ئەو کەسە دەناسێت و دەڵێت ” پیاوێکی بەهرەمەندبوو بەڵام هەڵەی کرد.”
ئاماژەی بەوەشکرد، هاوکارییەکانی جەنگاوەرانی ڤاگنەر لە شەڕی ئۆکرانیا هەرگیز لە بیر ناکرێت و چاوەڕێی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەبین بۆ گەیشتن بە راستی و دروستی رووداوەکە.
رۆژی چوارشەممە دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی رووسیا رایگەیاند، بەهۆی تێکشکانی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە ناوچەی تڤیری باکووری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا 10 کەس گیانیان لە دەستداوە و یەکێکیان پریگۆژینی فەرماندەی گروپی چەکداری ڤاگنەرە.
هاوکات دوای رووداوەکە سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رایگەیاند؛ لە مێژە رووسیا چاوەڕیی هەلێک بۆ کوشتنی فەرماندەی ڤاگنەر دەکات و ئەو کاتەی پریگۆژین متمانەی بە بێلاروسیا بەخشی وەک ئەوەبوو واژۆ لەسەر مەرگی خۆی بکات.
ئەمریکاش ئاماژەی بەوەکرد، ئاگاداری رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکەی فەرماندەی ڤاگنەرن و ئەو رووداوە ئاسایی نییە و پلانی بۆ داڕێژراوە.