کێ بیخوات کێ سەیری بکات…

دواجار ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ وەک وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-عێراق راگەیەندرا. سەرەتا راگەیەندرا کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان-عێراق لە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بەڕێوەدەچێت، بەڵام دوای ناکۆکی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەر یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و بەتایبەت ناکۆکیان لەسەر پرسی کۆتای پێکهاتەکان، بڕیاردارا ماوەی ساڵێک هەڵبژاردنەکان دوابخرێت و لە ١٨ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت. هاوکات هەڵبژاردنەکان نەتواندرا لەم وادەیەش ئەنجام بدرێت، وادەکەی بۆ ٢٥ـی شوباتی ٢٠٢٤ و دواتر بۆ ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ دواخرا. کۆتا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق هەریەکە لە زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق و ئامانج نەجیب شەمعون، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سکاڵایان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان-عیراق لەدادگای باڵای فیدراڵی تۆمارکردبوو. لە سکاڵاکەدا داوا لە دادگای فیدراڵی کرابوو کە ماددەکانی ١، ٩ ،١٥، ٢٢ و ٣٦ لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق (یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢) بە نادەستووری بناسێنێت. شایەنی باسە داواکارییەکە هەموارکردنەوەی یاسای کورسی کۆتاکان و بازنەکانی هەڵبژاردنی لەخۆدەگرت. دوای ئەوەی چەندین جار دانیشتنەکانی دادگای فیدراڵی لەوبارەیەوە دواخرا، دواجار لە ٢١ـی شوبات دادگای فیدراڵی بڕیاریدا کە ژمارەی پشکی کورسی کۆتاکان پەرلەمانی کوردستان-عێراق نادەستوورییە. دادگای فیدراڵی بڕیاریدا، هەرێم بۆ سەر چوار ناوچەی هەڵبژاردن دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان نادەستوورییە. لەگەڵ بڕیارەکەدا راگەیەندرا کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ١١١ کورسییەوە بۆ ١٠٠ کورسی کەمکرایەوە. بەپێی بڕگەی دووەمی مادەی دووەم، پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە ١٠٠ کورسی پێکدێت کە بەسەر ٤ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکراون. دابەشکاری کوسییەکانیش هەولێر ٣٤ کورسی و سلێمانی ٣٨ کورسی و دهۆک ٢٥ کورسی و هەڵەبجە ٣ کورسییە. دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە ٢١ـی ئایار بڕیاریدا پێنج کورسی بۆ پێکهاتەکانی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تەرخان بکرێت. بەپێی بڕیارەکە لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ٥ کورسی بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی و ئەرمەنی تەرخانکراوە. کورسییەکان بەسەر سێ پارێزگای هەرێم دابەش دەکرێن؛ دوو کورسی دەدرێتە سلێمانی و دوو کورسی دەدرێتە هەولێر و یەک کورسی دەدرێتە دهۆک. دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکانی سەربە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق؛ لە بەرامبەر زنجیرەیەک سکاڵا کە پێکهاتەکانی هەرێم پێشکەشیان کرد، بڕیاریدا پێنج کورسی لە کۆی ١٠٠ کورسی پەرلەمان بۆ پێکهاتەکان تەرخان بکات، بەو پێیەش ٩٥ کورسی گشتی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەبێت و پێنج کورسییەکەی دیکەش بۆ پێکهاتەکان تەرخان دەکرێن. لە لێدوانێکی میدیاییدا جومانە غلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەبارەت بە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر پێکهاتەکاندا رایگەیاند، لە سلێمانی یەک کورسی بۆ تورکمان و یەک کورسی بۆ کریستییانەکان تەرخانکراوە، هەروەها لەهەولێر کورسییەک بۆ تورکمان و کورسییەک بۆ کریستییانەکان تەرخانکراوە، و یەک کورسی بۆ ئەرمەنییەکان لە دهۆک تەرخانکراوە. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پێشنیاری وادەی نوێی هەڵبژاردنەکانی راگەیاند کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێشنیاری بۆ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە ٥ـی ئەیلولی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت. بەگوێرەی ئەو نوسراوەی سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ سەرۆکایەتی هەرێم-ی نارد، عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمسیۆن داوای وادەی نوێی بۆ هەڵبژاردنەکان کرد، واتە ٥ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە ئاماژەدان بە بڕیاری ژمارە ١٢٦ـی دادگای باڵای فیدراڵی . بەگوێرەی ئەو نوسراوەی سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ سەرۆکایەتی هەرێم ناردووە، بە ئاماژەدان بۆ بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە ١٢٦ـی بەرواری ٢٠٢٤ عومەر ئەحمەد سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان واژۆی لەسەر فەرمانی دیاریکردنی وادەی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان کردووە، کە لە ٥ـی ئەیلوولدا هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت. بڕیاربوو لە ٧ـی تەمموزدا ماوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کۆتایی پێبێت، بەڵام لە ٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٤، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ماوەی کارکردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکردەوە. تەمەنی کۆمسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق درێژکرایەوە. لە ماوەی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ کاندیدبوون، دڵشاد شەهاب وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە ٢٦ـی حوزەیران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیار دراوە لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئەنجام بدرێت. دڵشاد شەهاب، وادەی نوێی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی راگەیاند و وتی، "بەپێی بڕگەی دووەمی ماددەی ١٠ـی یاسای ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠٠٥ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بڕیاریدا لە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت". دڵشاد شەهاب وتیشی "هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندن بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم فەرمانە". دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوای هەڵسەنگاندنی تەواو بۆ مەرجەکانی هەڵبژاردن و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و گوێگرتن لە بۆچوونەکان دیاری کرا. کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوا وادەی وەرگرتنی لیستی کاندیدی و هاوپەیمانان و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدانی سەربەخۆ و دەنگدەرانی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان- عێراق راگەیاند. کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، لیستی کاندیدەکانی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەکان و کاندیدە سەربەخۆکان و کاندیدەکانی پێکهاتەکان کە دەیانەوێت بەشداری لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن لە رۆژی پێنجشەممە ٤ـی تەمموزەوە تا رۆژی دووشەممە ١٥ـی تەمموز بەردەوام دەبێت. هەڵبژاردنی پەرلەمان کە دەبێت هەر ٤ ساڵ جارێک لە هەرێم ئەنجام بدرێت، دوایین جار لە ٣٠ـی ئەیلولی ٢٠١٨ بەڕێوەچوو. پێدانی دوو کورسی پەرلەمان بە تورکمان کە نەتەوەی دووەمن لە هەرێم و کاندیدکردنی کەسانێکی زۆر بۆ ئەو دوو کورسیە (ئەمەش وادەکات دەنگی تورکمان دابەشکرێت)، بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە تورکمان لە چ بارودۆخێکدا بەشداری ئەم هەڵبژاردنە دەکات. بارودۆخی ئێستا ئەم پەندە دەهێنێتە بەرچاو: کێ بیخوات کێ سەیری بکات... ئامادەکردن: ئەیمەن ئەربیلئوغلو