دەرچووانی کۆلیژەکانی ئاداب و زمان وەک وانەبێژ لە وەزارەتی پەروەردە دادەمەزرێن

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم رەزامەندیدا لەسەر دامەزراندنی دەرچووانی کۆلیژەکانی ئاداب، زانست و زمان وەک وانەبێژ هاوشێوەی دەرچووانی کۆلیژەکانی پەروەردە.

رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023)، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم لەمیانی پێشوازیکردنی لە کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، رەزامەنیدا لەسەر ئەوەی جیاوازی نەکرێت لە نێوان دەرچووانی کۆلیژەکانی ئاداب، زانست و زمان لەگەڵ دەرچووانی کۆلیژەکانی پەروەردە لە دامەزراندن. لە راگەیەندراوێکدا، وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەکردووە، لە دیدارەکەدا سەرۆکی زانکۆی سەلاحەدین داوای لە وەزیری پەروەردە کردووە جیاوازی نەکرێت لە نێوان دەرچووانی کۆلیژی ئاداب، زانست و زمان و ئەو کۆلیژانەی کە وەکو کۆلیژەکانی پەروەردە نین لەگەڵ دەرچووانی کۆلیژەکانی پەروەردە و پەروەردەی بنەڕەتی لە بابەتەکانی گرێبەستی وانەبێژی و پرۆسەی دامەزراندن لە ناوەندەکانی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە هەماهەنگی نێوان هەردوولا کرا بۆ ئەوەی لە داهاتوو خولی شیاندن بۆ دەرچووانی ئەو کۆلیژانە بکرێتەوە بۆ ئەو دەرچووانەی کە پەیوەندییان بە وەزارەتی پەروەردە نەکردووە لەلایەن زانکۆوە. هاوکات لە راگەیەندراوێکدا، راگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەددین ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر داوای سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین لەمڕۆ بەدواوە دەرچووانی کۆلیژەکانی "زانست و زمان و ئاداب" وەک وانەبێژ لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە دادەمەزرێن.