عێراق لینكی دامەزراندنی بۆ وەرگرتنی 10 هەزار سەرباز ڕاگەیاند

وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ ماوەی هەفتەیەک دەرگای پڕكردنەوەی فۆڕم بۆ دامەزراندن وەک سەرباز دەکاتەوە و 10 هەزار سەرباز دادەمەزرێنێت، كە كەمترین مووچەیان 750 هەزار دینارە و هاووڵاتیانی هەرێمیش دەگرێتەوە. وەزارەتی بەرگری عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، هاووڵاتیان ئاگادار دەكەینەوە، ئەوانەی خوازیارن ببنە سەرباز بە پلەی (جوندی) لە ڕیزەكانی سوپای عێراق، دەتوانن ڕاستەوخۆ فۆڕم لە ڕێگەی ماڵپەڕی وەزارەتەوە پڕبكەنەوە. ڕاشیگەیاندووە، فۆڕمەكە لە ڕۆژی هەینی 15ی 9 كارا دەبێت و تاوەكو 21ی 9ی 2023 داواكاری وەردەگیرێت. سەبارەت بە مەرجەكان ڕوونی كردۆتەوە، دەبێت خوازیار تەمەنی 18 بۆ 25 ساڵ بێت و عێراقی بێت و بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی هەبێت و نابێت بە هیچ تاوانێك حوكم درابێت. ئەو دامەزراندنەی سوپا بەگوێرەی پارەی تەرخانکراوە بۆ وەزارەتی بەرگری لە نێو یاسای بودجەدا، کە 10 هەزار سەرباز دەگرێتەوە و کەمترین مووچەی دامەزرێنداوەکانیش 750 هەزار دینار دەبێت. لینکی فۆڕمەكە كارا كراوە و دەتوانیت خۆت تۆمار بكەیت