پارێزگای هەولێر: بەمنزیکانە دوای راکێشانی تیروپشک، دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت

پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوو شوێن بەمەبەستی دروستكردنی شوقە بۆ كرێنشینان دیاریكراون، لەداهاتویەكی نزیكیشدا تیروپشك بۆ ئەو كەسانە دەكرێت كە فۆڕمیان پڕكردۆتەوە و پاشانیش دەست بەدروستكردنی شوقەكان دەكرێت.

پارێزگای هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە سەر ڕاسپاردە و فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و لەچوارێوەی دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبون بۆ كرێنشینان، لە هەولێر دو شوێن بۆ شوقەی كرێنشینان دیاریكراون ئەوانیش ناوچەی گەڕەسۆر لە بنەسڵاوە و باغلو منارەیە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست بە پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبون بۆ كرێنشینان دەكرێت و دواكەوتنی پڕۆژەكەش بۆ گۆڕینی ڕەگەزی زەوی پڕۆژەكە دەگەڕێتەوە و هیچ هۆكارێكی دیكەی نەبوە، لە ئێستاشدا ئامادەكاری تەواو كراوە و لە ئایندەیەكی نزیكیدا وەبەرهێنەر دەست بەجێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەكات.

ئەوەشی روونكردۆتەوە، بۆ ئەو فۆرمانەی كە لەلایەن كرێنشینانیش پڕكراوەتەوە لە دیوانی پارێزگای هەولێر تیرۆرپشك بۆ ناوی كرێنشینان دەكرێت و دواتر دەست بە پرۆژەكە دەكرێت.