گەشتیارێکی عێراقی بە 30 کارتی بانکییەوە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد دەستگیرکرا

وتەبێژی دەستەی خاڵە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، گەشتیارێکی عێراقی 30 کارتی بانکی لە نێو کەلوپەلەکانی حەشاردابوو و لە کاتی پشکنینی لەلایەن تیمەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاشکرا بوو و لە ئێستاشدا دەستگیرکراوە. عەلائەدین قەیسی وتەبێژی دەستەی خاڵە سنوورییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد گەشتیارێکی عێراقییان دەستگیرکرد کە 30 کارتی بانکی پێبوو. ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو گەشتیارە عێراقییە 30 کارتە بانکییەکەی لەنێو کەلوپەلی دیکەدا حەشار دابوو و لە کاتی پشکنینیش باسی لێوەنەکردبوو، بەڵام تیمەکانی ئاسایشی نیشتمانی لە فڕۆکەخانەی بەغداد لە کاتی پشکنینی دۆزیاننەوە. ئەوەشخراوەتەڕوو، لە ئێستادا گەشتیارەکە رەوانەی ناوەندی پۆلیسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد کراوە، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی گونجاوی بەرامبەر بگیرێتە بەر.