سکرتێری گشتیی ناتۆ: پاڵپشتی لە خواستی تورکیا دەکەم

ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رایگەیاند، پشتگیری لە خواستی تورکیا بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێتی ئەوروپا دەکات و زۆر کاردەکات بۆ ئەوەی سوید لە زووترین کاتدا بخرێتە نێو هاوپەیمانی ناتۆوە.


ینس ستۆڵتنبێرگ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند ، "هێشتا دەتوانرێت بگەینە بڕیارێکی ئەرێنی سەبارەت بە پەیوەستبوونی سوید لە لوتکەی ڤیلنیۆس"، کە بڕیارە رۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگە بەڕێوەبچێت.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لێدوانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا سەبارەت بە پەیوەندی نێوان چوونی تورکیا بە یەکێتیی ئەوروپا و ڕەزامەندی پەرلەمانی تورکیا بۆ داواکاری سوید بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ، وتی، "پاڵپشتی لە خواستی تورکیا بۆ پەیوەستبون بە یەکێتیی ئەوروپا دەکەم".

لە گرنگترین ئەو دۆسیانەی کە لە لوتکەی ڤیلنیوسی ڕێکخراوی پەیمانی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) کە سبەینێ دەستپێدەکات، خراوەتەڕوو، فایلی پەیوەستبوونی ئۆکرانیا و سوید بە هاوپەیمانیی ناتۆوە.
تورکیا ڕووبەڕووی فشارێکی توندی ناتۆ بوەتەوە بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە پەیوەستبوونی سوید بە هاوپەیمانێتییەکەوە


تورکیا ڕووبەڕووی فشارێکی توندی ناتۆ بوەتەوە بۆ ئەوەی ڕازی بێت بە پەیوەستبونی سوید بە هاوپەیمانێتییەکەوە، بەڵام نایەوێت ڕەزامەندی خۆی بدات بەبێ ئەوەی داواکاریەکانی جێبەجێ بکرێت، چ لە سوید خۆیەوە بێت یان لە ئەمریکا.

ئەردۆغان ئەمڕۆ لە وتارێکدا رایگەیاند، "پێشکەوتنی پڕۆسەی ئەندامێتی سوید لە ناتۆ پەیوەستە بە جێبەجێکردنی ئەو پرسانەی کە لە ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەدا تۆمارکراون و سەرەتا دەبێت تورکیا بکرێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا و دواتر سوید دەکەینە ئەندامی ناتۆ، چونکە تورکیا تاکە وڵاتێکە کە ئەندامی ناتۆیە و ئەندامی یەکێتی ئەوروپا نیە".