بەرزی پلەکانی گەرما 400 ملیۆن دۆلار زیان بە سامانی ماسی عێراق دەگەیەنێت

سەرۆکی یەکێتی کۆمەڵەی جوتیارانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی بەرزی پلەکانی گەرما و کەمکردنەوەی ژمارەی حەوزی ماسی، زیانێکی زۆر بەر سامانی ماسی لە عێراق کەوتووە کە بڕەکەی بە 400 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت لە ساڵێکدا.

ئەمڕۆ هەینی، کەریم کوردی سەرۆکی یەکێتی کۆمەڵەی جوتیارانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی رایگەیاند، رێژەی بەرهەمی ماسی لە عێراق کەمی کردووە و دەبێت لە بازاڕی دەرەوە پێداویستی ناوخۆ پڕ بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرزی پلەکانی گەرما و کەمکردنەوەی ژمارەی حەوزە دەستکردەکانی ماسی لە لایەن حکومەتەوە کە بۆ پاراستنی ئاوە و هۆکارەکەی گەرمایە زیانێکی زۆریان لە سامانی ماسی داوە و لە لایەکی دیکەشەوە مرداربوونەوەی ژمارەیەکی زۆری ماسی لەئەمساڵدا رێژەی بەرهەمی ماسی دابەزاندووە.

کەریم کوردی ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ئامارەکان ئەمساڵ بەرهەمی ماسی لە عێراق 400 هەزار تەنە لە کاتێکدا، ساڵی رابردوو بەرهەمی ماسی لە عێراق 800 هەزار تەن بووە.

هەر لەو بارەیەوە ئەندامێکی کۆمەڵەی بەرهەمهێنانی ماسی باسی لەوەکرد، پێویستە عێراق فشاری نێودەوڵەتی بکات بۆ ئەوەی ئاوی پێویستی لە وڵاتانی دراوسێ بۆ بەربدرێتەوە و وشکەساڵی و کەمئاوی بە یەکێک لە هۆکارەکانی لەناوچوونی ماسی دادەنێت.

لە ماوەی رابردوو وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان کار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بەهەدەردانی ئاو لە عێراق ئەویش لە رێگەی دابینکردنی ئامێری ئاودێران لە بازاڕەکان و داخستنی حەوزی ماسییە بێ مۆڵەتەکان.