وەزیری خوێندنی باڵا: تا دۆخی دارایی هەرێم ئاسایی دەبێتەوە کرێی خوێندنی پارالێڵ وەرناگیرێت

وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم رایگەیاند، پێش ئەوەی ساڵی ئەکادیمی دەستپێبکات بە نووسراوی فەرمی داوایان لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم کردوە دەرماڵە بۆخوێندکاری زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان دابین بکرێت، هەر بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران کرێی خوێندنی پارالێڵ لە هیچ خوێندکارێک وەرناگیرێت تا ئەو کاتەی دۆخی دارایی هەرێم ئاسایی دەبێتەوە. ئارام محەمەد وەزیری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەموو زانکۆکانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەوام دەکرێت و پرۆسەی خوێندنی هیچ زانکۆیەکی هەرێم دوانەکەوتوە. ئاماژەی بەوەشکرد، سوپاسی فەرمانبەران و مامۆستایانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەن، کە سەرەڕای سەختی ژیان و دەواکەوتنی مووچەکانیان، ئەرکەکانیان رادەپەرێنن و هیوادارن ئەو ماوەیەی کە بۆ خوێندنی ئەمساڵ ماوە بەبێ کێشە بەرێوەبچێت. ئەوەشی خستەڕوو، لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پێش دەستپێکی ساڵی ئەکادیمی، بە نووسراوی فەرمی داوایان لە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کردووە کە دەرماڵە بۆ خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان دابینبکرێت، هەموو ئەو ئەرکانەی لەسەر ئەو دۆسییە پەیوەندی بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە هەیە جێبەجێ کراوە. باسی لەوەشکرد، هەمو زانکۆکان پابەندکراون بەوەی کرێی پاراڵێڵ لە خوێندکاران وەرناگیرێت و ئەو رێکارەش بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دراوە، تاوەکو دۆخی دارایی هەرێمی کوردستانی عێراق سەقامگیر دەبێتەوە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە بەردەوام دەبێت.