یەکەم فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان لە سعودیە دەکرێتەوە

میدیا سعودییەکان لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویان کردەوە، سعودییە ئامادەکاری بۆ کردنەوەی یەکەم فرۆشگای خواردنەوەی کحولی دەکات لە ریازی پایتەخت و تەنها بە دبلۆماتکار و بازرگانە نامسوڵمانەکان دەفرۆشرێت. ئاماژەیان بەوەشکرد، کڕیاری خواردنەوەی کحولی لە سعودیە لەسەریان پێویست دەبێت، لە رێگەی بەرنامەیەکی ئەلیکترۆنییەوە کە تایبەتە بە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە ناو و ژمارەی تەلەفۆنەکانیان تۆمار بکەن، رێژەی خواردنەوە کحولییەکانیشیان بەپێی مانگێک بۆ دیاری دەکرێت. ئەوەشیان خستەڕوو، شوێنی فرۆشگاکە لە گەڕەکی دبلۆماتکاران دەبێت لە ریازی پایتەخت، هەمان ئەو شوێنەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی وڵاتانی جیهانی تیدایە. ئەم هەنگاوە، ئاماژەیەکی جیاوازە لە هەوڵەکانی محەمەد بن سەلمانی سەرۆک وەزیرانی سعودییە، لە هاندان بۆ کردنەوەی وڵاتێکی کەنداو بە رووی گەشتیاران و بازرگانە چالاکەکان.