سەرژمێری گشتی لە عێراق

بڕیارە لە ٢٠ـی ١١ـی ئەمساڵدا سەرژمێری گشتی لە سەرتاسەری عێراق بکرێت و پرۆسەکە ٢٠ رۆژ بخایەنێت. رۆژی یەکەم و دووەمی سەرژمێریەکە ژمارەی دانیشتووانی عێراق رادەگەیەندرێت، بەدرێژایی ١٨ رۆژی دیکە بەردەوامی دەبێت، لەو ماوەیە ئەو ٧٠ پرسیارە دەکرێت کە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەن. بەڵام پرسیاری نەتەوە ناکرێت.

هاوکات دوو مانگ بەر لە دەستپێکردی سەرژمێری، پرۆسەی ژمارە لێدان و گەماڕۆسازی لە هەرێمی کوردستان-عێراق دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا ٢٠ هەزار کەس راهێندراون، کارەکان لە چوار پارێزگا، ٤٢ قەزا، ١٥٤ ناحیە و ٢١٦٣ گەڕەک و ٥٥٣٣ گوند ئەنجام دەدرێن، گشت کۆڵان و شەقامەکان دەگرێتەوە و ژمارەیان لێدەدرێت.

سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێری، گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانیی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان-عێراق بە رۆژنامەی تەبا-ی راگەیاند، "بەپێی دروشمی ئەم سەرژمێرییە، مەبەستی سەرەکی لە جێبەجێکردن و  بەکارهێنانییەتی لە گەشەپێدانی وڵات بەگشتی. واتە بۆ بەکارهێنانی داتاکانە لە پلان و بەرنامەکانی حکومەت بۆ گەشەپێدانی وڵات، ئینجا پلانەکان بۆ کورتخایەن دابڕێژرێن یان درێژخایەن. بوارەکانی وەک پەروەردە، تەندروستی، کشتوکاڵ، خوێندنی باڵا، ڕێگەوبان، ئاوەدانکردنەوە، هتد، دەتوانن زۆرترین سوود لە سەرژمێری وەرگرن".

هەروەها جەختی لەوە کردەوە، دەکرێت داتاکانی سەرژمێری بۆ دابەشکردنی دادپەروەرانەی بودجەی وڵات و دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران یان پەرلەمان بەسەر پارێزگاکان بەکار بهێنرێن.

وتیشی "پرۆسەی گەمارۆسازیی بریتییە لە دابەشکردنی تەواوی گوند و گەڕەکەکان و دیاریکردنی سنوورەکانیان و دابەشکردنیان بەسەر یەکەی جیاواز کە بەپێی یەکەکان سەرژمێرییەکە دەکرێت. دەبێ سەرەتا یەکەکان دیاری بکرێن و دواتر ژمارەدانانیان بۆ دەکرێت هەر لە شەقام و کوچە و کۆڵانەکان تاوەکو دەگاتە تەواوی یەکە نیشتەجێبووەکان و باڵەخانەکان و شوێنکارەکانیش. بەپێی رێنماییەکان تەواوی باڵەخانەکان ژمارەیان بۆ دادەنرێت جا هەر چییەک بن".

سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانیی دەستەی ئاماری هەرێم ڕایگەیاند، "ئەم سەرژمێرییە دەبێتە یەکەم سەرژمێری کە لە هەرێم جێبەجێ دەکرێت و دەتوانێت ئاستی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتی هەرێم لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا لەسەر ئاستی پارێزگا و قەزا و ناحییەکانیش بخاتەڕوو. هەروەها دەتوانێت ئەو شوێنانەش بەدیار بخات کە لەڕووی خزمەتگوزارییەوە لاوازن و کەموکوڕییان هەیە. دەتوانێت پێکهاتەی دانیشتوانی هەرێم لە ڕووی ژمارە، تەمەن، ڕەگەز، ئاستی خوێندەواری و بڕوانامە، هێزی کار، بژێوی ژیان، توانای ئابووریی خێزانەکان، هەبووەکانی خێزان، کشتوکاڵ، پەککەوتەیی، و چەندین لایەنی ترەوە بە وردی ڕوون بکاتەوە و شیکردنەوە و دیراسەی زانستیانەی جۆراوجۆریان لەسەر بکرێت. ئەمانە تەنیا بەشێکن لە سوودەکانی بوونی داتای سەرژمێری".

سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی دەستەی ئامار، ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە "وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێم و دەستەی ئامار کە سەر بەم وەزارەتەیە و ئەرکی جێبەجێکردنی ئەم سەرژمێرییەی لە ئەستۆدایە، بەپێی ئەو توانایەی بەردەستیەتی خۆی بەباشی ئامادە کردووە و هەماهەنگییەکی بەردەوامی لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق هەیە بۆ ئەوەی ئەو کێشە و تەگەرانەی دێنە بەردەم ئەم پرۆسەیە بە زووترین کات لاببرێن و کارەکان بە باشترین شێوە بەڕێوە بچێت. هاوکات و هاوتەریب لەگەڵ دەستەی ئاماری عێراق لە گشت خولەکانی ڕاهێنان بەشداریی کردووە و ڕاهێنانیان بەو مامۆستا بەڕێزانەی کەرتی پەروەردە کردووە کە لە کاری مەیدانیی سەرژمێری بەشدارن و ئەرکێکی گرینگیان لەسەرشانە و ئێستا لە مەیدانن بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی قۆناغی گەمارۆسازی و ژمارەدانان لە گشت شار و گوندەکانی هەرێمی کوردستان".

هاوکات لە بەرامبەر پرسیاری "بۆچی پرسیاری نەتەوەیی لە فۆرمی سەرژمێری نییە؟"، گوهدار محەممەد عەلی، سەرۆکی کەرتی تەکنیکی و مەیدانیی دەستەی ئاماری هەرێم وتی، "بەهۆی ئەوەیە ئەم هەڵبژاردنە زیاتر تەرکیز لەسەر گەشەپێدان دەکات. هەروەها ترسی ئەوە لای هەموو پێکهاتەکان هەبوو کە ئەم داتایە دواتر بۆ مەبەستی سیاسی یان مەبەستی تر کە لە دەرەوەی لە دروشمەکەیەتی، بەکار بهێنرێت. هەروەها بۆ بیرهێنانەوە، لە سەرژمێرییەکەی پێشووتر کە بڕیار بوو لە ٢٠١٠ بکرێت و بەهۆی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان نەکرا، نەتەوەی کورد بەسەر کورد، فەیلی، شەبەک و ئێزدی دابەش کرابوو و ئەوکاتیش ئەو پرسیارە لەسەر داوای کورد لە پرسیارنامەکە لابرا".

ئامادەکردن: ئەمیر دەمیرجی