سوودانی هەوڵی نێوەندگیری لەنێوان پارتی و یەکێتی دەکات
چاوەڕێ دەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ھەنگاوێکی کەم بینراودا نێوەندگیری بکات بۆ لێکنزیکردنەوەی یەکێتی و پارتی و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی سیاسی ھەرێم.
رۆژنامەی سەباح لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردۆتەوە، رۆژی 4ـی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێم لە بەغداوە داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد ھاوکاریان بێت بۆ ئەوەی کێشە سیاسییەکانی ھەرێم چارەسەر بکەن.
لەم بارەیەوە رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، پێدەچێت لێکنزیکبوونەوەی نێوان ھەولێر و بەغداد، بوبێتە ھۆکارێک کە سودانی قبوڵکراوبێت بۆ ئەوەی دەستوەردان لە دۆسییەکانی ناوخۆی ھەرێمدا بکات.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، لایەنەکان باوەڕیان وایە کاریزما و کەسایەتی سەرۆکوەزیرانی عێراق و توانای بۆ چارەسەری کێشەکان، دەتوانێت ھەوڵێکی سەرکەوتووبێت بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکانی ھەرێم.