د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، بانكی ناوەندی عێراق بڕیاریداوە بەپێدانی 100 دۆلار بەنرخی 132 هەزار دینار بەو خوێندكارانەی كە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن، بەمەرجێك پشتگیری ئەو زانكۆیە بهێنن كە لێی دەخوێننەوە.
د.نەرمین مەعروف لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، “لەسەر داوای ژمارەیەك لەو خوێندكارانەی لەدەرەوەی وڵات دەخوێنن و پێویستیان بە دەستكەوتنی دۆلارە بە نرخی فەرمی بۆ رایكردنی خەرجی و تێچووی خوێندنەكەیان، ئەمڕۆ یەكشەممە پەیوەندیمان كرد بە بانكی ناوەندی عێراقەوە”.
ئاماژەی بە وەڵامی بانكی ناوەندی كردووە و ئەوەشیخستۆتەڕو، بەرپرسانی بانكی ناوەندی ئەم بابەتەیان روونكردەوە كە هەموو ئەو خوێندكارانەی لەدەرەوەی وڵات دەخوێنن بۆ دەستخستنی دۆلار بەنرخی فەرمی پێویستە داواكارییەكانیان بەپێی فۆڕمێك لەگەڵ پشتگیری ئەو زانكۆیەی لێی دەخوێنن و پشتڕاستكرابێتەوە لەلایەن باڵیۆزخانە یان كونسوڵخانەی عێراق لەو وڵاتە پێشكەش بكەن بە یەكێك لە بانكە رێگەپێدراوەكان یان لقەكانی كۆمپانیا جیهانییەكانی ئاڵوگۆڕی دارایی وەك (یوسترن یونین و مونی گرام) لە عێراق”.
دوای وردبینیكردنی دیكۆمێنتەكان و فۆڕمی داواكاری، خوێندكاران دەتوانن بە نرخی فەرمی وەربگرن
باسی لەوەشكردوە، دوای وردبینیكردنی دیكۆمێنتەكان و فۆڕمی داواكاری، خوێندكاران دەتوانن بە نرخی فەرمی واتە 100 دۆلار بەرامبەر بە 132 هەزار دینار وەربگرن.