پوتین و ئه‌ردۆغان هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه و چه‌ند پرسێكی دیكه‌‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • پوتین و ئه‌ردۆغان هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه و چه‌ند پرسێكی دیكه‌‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن

پوتین و ئه‌ردۆغان هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه و چه‌ند پرسێكی دیكه‌‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن

سه‌رۆكی توركیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ شاری سۆچی رووسیا و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ چاویان پێككه‌وت و دوای كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیشیان، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان ئه‌نجام دا.

ئه‌یلول 4, 2023 20:19
پوتین و ئه‌ردۆغان هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه و چه‌ند پرسێكی دیكه‌‌ تاووتوێ ده‌كه‌ن
0

لایک

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 4ـی ئه‌یلوولی 2023) ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ شاری سۆچی رووسیا و له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتین، سه‌رۆكی رووسیا كۆبووه‌وه‌ و دواتر له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا پرس و ته‌وه‌ره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كانی نێوانیان خسته‌ڕوو.
له‌ سه‌ره‌تادا سه‌رۆكی رووسیا رایگه‌یاند، ئاستی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان رووسیا و توركیا له‌ هه‌موو بواره‌كاندا پێشكه‌وتنی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ رووی بازرگانییه‌وه‌ ئاڵوگۆڕی نێوانیان به‌ رێژه‌ی 4% به‌رز بووه‌ته‌وه‌. وتیشی، مۆسكۆ ئاماده‌یه‌ له‌ رێگه‌ی توركیاوه‌ غاز بۆ هه‌ر وڵاتێك بگوازێته‌وه‌، كه‌ ئاره‌زووی كڕینی غازی رووسی ده‌كات.

سه‌رۆكی رووسیا هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان مۆسكۆ و ئه‌نقه‌ره‌ له‌ بواری كشتوكاڵدا پێشكه‌وتنی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، به‌شێوه‌یه‌ك به‌هاكه‌ی بۆ سه‌رووی 7.4 ملیار دۆلار به‌رز بووه‌ته‌وه‌. وتیشی، له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵدا زیاتر له‌ پێنج ملیۆن گه‌شتیاری رووسی سه‌ردانی توركیایان كردووه‌.
پوتن له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی بۆ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیا راكێشا و رایگه‌یاند، ئاماده‌ن جارێكی دیكه‌ ئه‌و رێككه‌وتنه‌ كارا بكه‌نه‌وه‌ به مه‌رجێك لایه‌نه‌كانی دیكه‌ به‌رامبه‌ر به‌ رووسیا پابه‌ند بن. هه‌روه‌ها وتی، رۆژئاوا فێڵیان لێ كردوون، به‌شێوه‌یه‌ك 70%ـی دانه‌وێڵه‌ له‌ رێگه‌ی ده‌ریای ره‌شه‌وه‌ بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌چێت، له‌و كاته‌ی ته‌نیا 3%ـی بۆ ئه‌و وڵاته‌ ده‌چێت كه‌ پێویستیانه‌.
له‌لای خۆیه‌وه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان رایگه‌یاند، ئه‌نقه‌ره‌ خۆشحاڵ ده‌بێت ئه‌گه‌ر رووسیا له‌ بواری هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ ده‌ستپێشخه‌ری بكات، به‌تایبه‌ت ده‌ستپێشخه‌ری ده‌ریای ره‌ش رۆڵێكی گرنگ له‌ هاریكاریكردنی وڵاتانی هه‌ژار ده‌گێڕێت.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكی توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی رووسیا بیروڕای پێویستیان سه‌باره‌ت به‌ رێككه‌وتننامه‌ی هه‌نارده‌كردنی دانه‌وێڵه‌ ئاڵوگۆڕ كرد، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش چه‌ند پێشنیازێك خراونه‌ته‌ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بكرێت و ئه‌نجامی ئه‌رێنی لێ بكه‌وێته‌وه‌.
سه‌رۆكی توركیا روونیشیكرده‌وه‌، سه‌رۆكی رووسیا پێیگوتووه‌، كاره‌ لۆجستییەکانیان بۆ ڕەوانەکردنی یەک ملیۆن تۆن دانەوێڵە بۆ وڵاتە هەژارەکان، ته‌واوكردووه‌. ئەردۆغان جه‌ختیشیكرده‌وه‌، خواستی توركیا سه‌باره‌ت پڕۆژەی هاوبەش لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گواستنەوەی دانەوێڵە بە زووترین کات دێتە دی.
ئه‌ردۆغان سوپاسی پوتین و حكومه‌تی رووسیای كرد بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكارییه‌كانیان بۆ توركیا له‌ كاتی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵ و ئاگركه‌وتنه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی توركیا.

لە 22ی تەممووزی 2022دا، به ‌چاودێری رەجەب تەیب ئەردۆغان، تورکیا، رووسیا، ئۆکرانیا و نەتەوەیەکگرتووەکان بەڵگەنامەی دەستپێشخەری ناردنی دانەوێڵە و ماددە خۆراکییەکانیان بەشێوەیەکی سەلامەت لە بەندەرەکانی ئۆکرانیاوە واژوو کرد.
رێککەوتنەکە کە پێشتر چەند جارێک درێژکرایەوە، لە 17ـی ته‌ممووزی ئه‌مساڵ 2023، كۆتاییپێهات و بەرپرسانی رووسی ئاماژەیان بەوە كرد، کە هیچ ئەگەرێک بەدیناکەن بۆ درێژکردنەوەی وادەکەی.

En az 10 karakter gerekli