گەشتە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بۆ ئێران تا ١ی تشرینی دووەم هەڵوەشانەوە

گەشتە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بۆ ئێران تا ١ی تشرینی دووەم هەڵوەشانەوە

بە هۆی مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هێڵی فەرمی فڕۆکەوانی و کۆمپانیای پێگاسۆسی تورکیا سەرجەم گەشتەکانیان بۆ ئێران و بە پێچەوانەشەوە لە ئێرانەوە بۆ تورکیا هەڵوەشاندەوە.

هەردوو کۆمپانیاکە لە پلاتفۆرمی فەرمی خۆیان بڵاویان کردووەتەوە، تاوەکوو بەر لە یەکەی تشرینی دووەمی 2024، هیچ پلیتێکی گەشتکردن بەرەو ئێران نافرۆشن، چونکە سەرجەم گەشتەکانیان تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە هەڵوەشاندووەتەوە.

پێشووتریش هەردوو کۆمپانیای فڕۆکەوانی تورکیا بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە تەواو گەشتەکانیان بۆ ئێران، لوبنان و ژمارەیەک وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاگرت بوو.

هاوکات، سوپای ئیسرائیل هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوە و هێرشکردنە سەر ئێرانی تەواوکردووە و هێرشەکەش گەورە و فراوان دەبێت.

دوابەدوای ئەو هێرشەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرا، جیهان بە تامەزرۆیەوە دەستی کرد بە چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، بە تایبەتی لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت یەکشەممەی داهاتوو ئیسرائیل هێرشێکی تۆڵەسەندنەوە بۆ سەر ئێران ئەنجام بدات.

لە بەرانبەردا و هەر هەمان ڕۆژ، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر ئێران واتە بەزاندنی هێڵی سوور، ئەمەش بەبێ وەڵامدانەوە نابێت، هەروا ئاماژەیداوە، هێرشکردنە سەر ئێران دەبێتە هەڵگیرسانی شەڕێکی فراوان.