سوودانی: بەردەوامین لە کارکردن بۆ دابینکردنی مافی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە بەدەست تیرۆرەوە دەناڵێنن
سەرۆک وەزیرانی عێراق لهپهیامێكدا سهبارهت به کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان له شهنگال رایگەیاند، حكومهتهكهی کار دەکات بۆ بەدەستهێنانەوەی مافی ئاوارەکان، تا ئێستاش بە دوای پاشماوەی تیرۆردا دەگەڕێن لە ناوچەکان.
محهمهد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پهیامێكدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێكس (تویتەری پێشوو) رایگەیاند، "لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 3ی ئاب، بیرماندێتەوە چۆن گەلی ئێزدییەکان و تەواوی پێکهاتەکان توشی پێشێلکارییەکی ئاشکرا و کردەوەی دڕندانە بوون، کە لەلایەن چەتە تیرۆریستەکانی داعشەوە بەرامبەریان ئەنجامدرا".
محەمەد شیاع سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتەکەمان بەردەوامە لە کارکردن بۆ دابینکردنی مافی هەموو ئەو پێکهاتانەی کە بەدەست تیرۆرەوە دەناڵێنن، بە پەرۆشەوە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی یاساکان دەکەین بۆ دابینکردنی دادپەوەری بۆ لێقەوماوان".
لەبارەی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانەوە وتی، "بەردەوام دەبن لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکان بۆ گەڕانەوە ئاوارەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان، تاوهکو ئێستاش بەدوای پاشماوەی تیرۆردا دەگەڕێن لەو شوێنانەی کە هیچ دەربازبوونێکیان نییە".
ئەمڕۆ شەممە 3ی ئاب، 10 ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی شەنگال و ئێزدییەکاندا تێدەپەڕێت، کە بەهۆیەوە هەزاران ژن و پیاوی ئێزدی کوژران، هەزاران ژن و کچ و منداڵیش لەلایەن ئەو چەکدارانەوە رفێندران و تا ئێستا بهشێكیان بێسهروشوێنن.