کۆمسیۆن: دوو بەربژێرى پارتى لە پارێزگاى دهۆک دوورخرایەوە

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق دوو بەربژێرى لیستى پارتى دیموکراتى کوردستانى لە سنوورى دهۆک دوورخستنەوە بە پاساوى ئەوەى کە خۆبەربژێرکردنیان پێچەوانەى رێنماییەکانى کۆمیسیۆن بووە.

بەگوێرەى نووسراوێکى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، کە ئەمڕۆ سێشەممە، 30ى تەممووزی 2024، دەرکراوە، ئەنجوومەنى کۆمیسیاران بڕیاری داوە بە دوورخستنەوەى دوو بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستان لە بازنەی پارێزگاى دهۆک.

بەربژێرە دوورخراوەکان بریتین لە محەممەد ئەمین هادى، لە ریزبەندى 15ى لیستى پارتى لە دهۆک، لەگەڵ پەروین ئەکرەم محەممەد عەلى لە ریزبەندى 11ى ئەو لیستە.

دوورخستنەوەیان بەهۆى ئەوە بووە کە پێشکێشکردنى داواکاریى بەربژێرییان پێچەوانەى رێنمایی تۆمارکردن راستاندنى بەربژێرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان-عێراق بووە. لە بڕیارەکەى کۆمیسیۆن هاتووە کە دەبێت داوا لە پارتى دیموکراتى کوردستان بکرێت لە ماوەى سێ رۆژ لە وادەى ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئەو کەسانە بگۆڕێت بە بەربژێری دیکە.

دوورخستنەوەى دوو بەربژێرەکە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە بەگوێرەى بڕگەى یەکەمى بەشى دووەمى رێکارەکانى تۆمارکردن و راستاندنى بەربژێرانى پەرلەمانى کوردستان-عێراق بووە .

 بەگوێرەى ئەو بڕگەیە دەبێت بەربژێر هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستان-عێراق بێت بەگوێرەى بەڵگەنامەى بارى شارستانی یان کارتى نیشتمانیى یەکگرتوو، بەڵام دوو بەربژێرەکەى پارتى کارتى زانیارییان نەبووە و شوێنى نیشتەجێبونیان پارێزگاى نەینەوایە.