وتەبێژى حکومەتی هەرێم دەربارەی دابەشکردنی مووچە روونکردنەوە دەدات

وتەبێژى حکومەتى هەرێم رایگەیاند، سبەى ئەنجوومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە و بۆ بڕیاردان لەسەر دابەشکردنى موچەش، چاوەڕێى پارەکەى بەغداد دەکەن. پێشەوا هەورامى وتەبێژى حکومەتى هەرێم لە لێدوانێکى رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاى پارتى رایگەیاندوە، رۆژى چوار شەممە ئەنجوومەنى وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ تاوتوێکردنى ئەنجامى سەردانى شاندەکەى هەرێم بۆ بەغداد. سەبارەت بە دابەشکردنى موچەش رایگەیاندوە، چاوەڕێى گەیشتنى پارەکەى بەغداد دەکەن بۆ ئەوەى دەست بە دابەشکردنى موچە بکرێت. لاى خۆیەوە چاوگێکى ئاگادار لە بەغداد رایگەیاند، نوسراوى تایبەت بە ناردنى 700 ملیار دینارەکە لە وەزارەتى دارایی عێراق تەواو بووە و رۆژى چوار شەممە، ئاراستەى ئەو سێ بانکە دەکرێت کە راسپێردراون بۆ ئەوەى پارەکە بخەنە سەر ئەژمارى دارایی هەرێم. ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەرێم داهاتى ناوخۆى زیاتر لە دوو مانگى رابردووى لە بەردەستدایە و دەستى بە دابەشکردنى مووچە نەکردووە، لەکاتێکدا تا ئێستا مووچەى مانگى حەوتى فەرمانبەران دابەشنەکراوە.