کاندیدە ئافرەتەکانی تورکمان میوانی بەرنامەی “قاوەیەک لەگەڵ نورخان” بوون

بەرنامەی "قاوەیەک لەگەڵ نورخان"ی ئاژانسی تەبا کە تێیدا ژنانی تورکمان میوانداری دەکرێن، بە پێشکەشکردنی نورهان کەرخی پێشکەش بە شوێنکەوتووانی تەبا کرا.

میوانەکانی بەرنامەکە کاندیدە ئافرەتەکانی لیستی ١٤٩ـی بەرەی تورکمانی عێراقی بوون. ئەمەل نشات کاندیدی ژمارە ٣ لە لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی، میوانی یەکەمی بەرنامەی "قاوەیەک لەگەڵ نورخان" بوو و باسی لە ڕابردووی سیاسی خۆی و هۆکاری خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردن و پڕۆژەکانی کرد.

ئەمەل نشات بە ئاماژەدان بەوەی کە لەگەڵ دەستپێکردنی پرۆسەی بانگەشە تووشی هەندێک کێشە بووە، وتی، "دوای ٣ رۆژ لە دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن پۆستەرەکانی منیان دڕاند. هەندێکیان فڕێدراون و بینیمان هەندێکیان تەنانەت لە شوێنی خۆیان نەهێڵراون. ئەم کردەوانە ناتوانن لە خەباتمان دوورمان بخاتەوە".

ئەو کاندیدە باسی لەوە کرد، پێشتر پۆستی لە بواری سیاسیدا هەبووە بەڵام لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ دوورکەوتووەتەوە، وتی "ئێمە بە دڵ و گیان دەمانەوێت کولتوور و مافی تورکمانەکان بپارێزین. من تەنها لە نێو بەرەی تورکمانی ئەو خەباتەم نەکردووە، لە دەرەوەش بەردەوامبووم لە خەباتەکەم".

ئەمەل نشات هۆکاری دوورکەوتنەوەی ئافرەتی تورکمان لە مەیدانی سیاسی بۆ دوو فاکتەر گەڕاندەوە؛ "یەکێک لەوانە ترس و فشارە. دەمەوێت نموونەیەک لە خۆمەوە بهێنمەوە؛ ئێستا لە فەرمانگەیەکی حکومی کار دەکەم، پێموایە هەندێک فشار هەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە لایەنە سیاسییەکان چونکە هەندێکجار ئەمە دەبێتە هۆی کێشە. پێم وایە ژنانی تریش لەم دۆخەدان. لە لایەکی دیکەوە دڵشکاوی هەیە بەرامبەر بە لایەنە سیاسییەکان و ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ دوورکەوتنەوەیان".

کاندیدی بەرەی تورکمانی عێراقی سەبارەت بە پرۆژەکانی ڕایگەیاند "ئەگەر من لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوم، لە ئێستادا ٢ پڕۆژە لە مێشکمدایە. یەکێک لەوانە داکۆکیکردنە لە مافی کەسوکاری شەهیدان لە دەستوردا، وە ئەوەی تریان ڕەخساندنی هەلی کارە بۆ ژنان و گەنجانمان. بەو پێیەی من پارێزەرم، کاتێک سەیری یاسای شەهیدان دەکەم، دەبینم کەسوکاری شەهیدانی تورکمان مافی خۆیان وەرنەگرتووە و زۆر هەست بە دڵتەنگی دەکەم بۆ ئەو دۆخە. هەر بۆیە دەمەوێت ئەولەویەتی خۆم بەم کارە بدەم".

پنار نەوزاد تەیمور کاندیدی ژمارە ٦ـی بەرەی تورکمانی عێراقی ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵن بەوەی بەرەی تورکمانی وەک لیستی دەرەوەی کۆتا بەشداری هەڵبژاردنەکانی کردووە و ئەمەش جێگەی شانازییە بۆ هەموو کاندیدەکان.

پنار تەیمور وتی "بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا وەک لیستێک بە ئەرێنی و پێشکەوتن دەبینم. ئەمجارە بوونی تورکمان بۆ خۆمان دەسەلمێنین. بە گشتی ٢٥ کاندیدی تورکمان هەیە بە کۆتاوە، بە ناچاری ئەو دەنگانە دابەش دەبن، ئەگەر میللەتەکەمان بە یەک دەنگ قسە بکات، تێدەگەن کە لیستی ڕاستەقینە کامەیە".

ئەو کاندیدە بە ئاماژەدان بەوەی کە پڕۆژەکان زۆرن، بەڵام گرنگ جێبەجێکردنیانە، وتی "هەرکاتێک بچینە پەرلەمان کارەکانمان دەبینرێن. ئێمە میللەتی یەکەم بووین، بەڵام ئەوان پێیان وتین دووەم، ئێمە لەسەر ئەمە ڕازی بووین، کەواتە کوا مافەکانمان؟ گرنگ نییە تەنها پڕۆژە پێشکەش بکەین، ئەوەی گرنگە بەدوایەوە بین و دەنگمان ببیسترێت. کاتێک بە فەرمی وەک نەتەوەی دووەم قبوڵکراین، ئەو کاتە هەموو پڕۆژەکان دەگەیەنین. هیچ مافێک بە تورکمانەکان نەدراوە".

پنار تەیمور لەسەر بارودۆخی قوتابخانە تورکمانییەکان وەستا و وتی "لە ماوەی خوێندنمدا قوتابیانی تورکمان خۆیان کتێبەکانیان وەردەگێڕا. کتێبمان نەبوو، ناچار بووین ئەمە بکەین. تاکە شتێک کە ئێستا گۆڕاوە ئەوەیە کە کتێبەکان بوونیان هەیە. کەموکوڕیەکانی دیکەش هەر وەک خۆیانن. پێویستە کێشەی مەنهەج نەهێڵرێت. کێشەی وەرگێڕان بەردەوامە".

سێیەم میوانی "بەرنامەی قاوەیەک لەگەڵ نورخان" سەورا ساڵح، کاندیدی ژمارە ٩ـی لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی بوو باسی  ڕابردووی سیاسی خۆی کرد و وتی، "لە ساڵی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٦ وەک مامۆستا لە قوتابخانەکانی تورکماندا کارم کردووە. لە ساڵی ١٩٩٩ وەک سەرۆکی یەکێتی ئافرەتان هەڵبژێردرام و تا ساڵی ٢٠٠٤ ئەم پۆستەم بەدەستەوە بوو. چەندین چالاکیمان ئەنجامدا. ئێمە پشتگیری ژنەکانمان و  قوتابییەکانمان کرد".

دەشڵێت "من ئەندامی خێزانێکی تورکمانم لە هەولێر، کاتێک بۆ یەکەمجار بەرەی تورکمانی عێراقی لە هەولێر کرایەوە، زۆر دڵخۆش بووین و بەرەو ئەو ڕێگایە ڕۆیشتین. پێشتر دووجار لە سیستمی کۆتا کاندید بووم بۆ هەڵبژاردن، هەروەها تا ساڵی ٢٠٠٤ لە یەکێتی ئافرەتانی بەرەی تورکمانی عێراقی کارم کردووە، دواتر لە مەیدانەکە دوورکەوتوومەتەوە کاتێک یەکێتی ئافرەتان گواسترایەوە کەرکووک".

ساڵح بە ئاماژەدان بەوەی کە پلانی هەیە پڕۆژەکانی زیاتر پەیوەست بێت بە ئافرەتان، وتی، "دەمەوێت کۆمەڵەیەک، ناوەندێکی ڕۆشنبیری بۆ ژنان دابمەزرێت. دەمەوێت ئاگاداری مێژووی تورکمان بن. دەتوانین ژنەکانمان کۆبکەینەوە و کاری باش بکەین".

سەورا ساڵح راشیگەیاند "دەبوو هەموو کاندیدەکانی تورکمان لە یەک لیستدا کۆبکرێنەوە. ئەمە ئاواتی من بوو. ئەگەر پێکەوە بووینایە دەمانتوانی ٥ کورسی بەدەست بهێنین. بەشداربووانی کۆتا تەنها بۆ ١ کورسی کێبڕکێ دەکەن. تەنها یەکێک لە بەشداربووانی کۆتا دەتوانێت سەربکەوێت و دەنگەکانی دیکە بەفیڕۆ دەچن، بەڵام لە لیست شتێکی وەها لە ئارادا نییە".

میوانێکی دیکەی پرۆگرامەکە ئیپتیسام ئەنوەر وەلی، کاندیدی ژمارە ١١ـی لیستی بەرەی تورکمانی عێراقی بوو. ئەو کاندیدە وتی، "من وەک مامۆستا لە قوتابخانەیەکی تورکمانی کارم کردووە. هەروەها چالاکانە بەشداریم لە چالاکییەکانی بەرەی تورکمانی کردووە. لە ئێستادا لە یەکێتی ئافرەتان کاردەکەم".

ئیبتیسام ئەنوەر ئاماژەی بەوەدا کە لە ساڵی ١٩٩٥دا یەکێک بووە لە یەکەم مامۆستاکانی قوتابخانەی تورکمانی، وتیشی، "لە قوتابخانە تورکمانییەکاندا بەشداریم لە زۆر کۆرسدا کردووە بۆ وانەوتنەوە و بە شێوەیەکی شەخسی بەشداریم لە وەرگێڕانی کتێبەکاندا کردووە. لە ساڵی ١٩٩٥ تا ٢٠٠٣ پشتگیری بۆ قوتابخانەکانمان زۆر باش بوو. دوای ئەو بەروارە دۆخەکە گۆڕا و کاتێک بەرەی تورکمانی گوازرایەوە کەرکووک، پشتیوانی کەم بوو. هەروەها ژمارەی قوتابیان لە قوتابخانەکان کەمی کرد. لە ئێستادا کێشەی کەمیی مامۆستا وەرگێڕان هەیە. هەوڵ دەدەین ئەمانە چارەسەر بکەین".

ئەو کاندیدە جەختی لەوە کردەوە، پێویستە ژمارەی قوتابخانە تورکمانییەکان زیاد بکرێت بۆ ئەوەی منداڵانی تورکمان ئاسانتر بتوانن بگەنە قوتابخانەکان.

سەبارەت بە بەشداری ژنان لە بواری سیاسیدا وتی، "بەو پێیەی خەڵکی هەولێر نەتەوەیەکن زۆر پەیوەستن بە داب و نەریتیان، ژنانی تورکمان ناتوانن چالاک بن. لەم ڕووەوە دەرگامان کراوەیە بۆ هەموو لایەک. لە ئێستادا بەشداری ژنان لە هەموو جۆرە بوارێکدا هێواش هێواش زیاد دەکات".

ئیبتیسام ئەنوەر وەلی بە ئاماژەی بەوە دا  ئەولەویەت دەدات بە پەروەردە هەرکاتێک سەرکەوتوو بوو لە هەڵبژاردن و دەستبەکاربوو لە پەرلەمان. ڕاشیگەیاند کە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بە لیستێکی دەرەوەی کۆتا ئەرێنییە و دەنگی دەنگدرانی لیستەکە بە هیچ شێوەیەک بەفیڕۆ ناچێت".