راگەیاندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە

وەزارەتی پەروەردە لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەلایەن وەزارەتەوە لیژنەیەک پێکدەهێنریت بۆ چاودێری کردنی قوتابخانە ناحکومییەکان لە ئەگەری هەبوونی هەر کەموکوڕییەک لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پەروەردە راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە بەڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروردەیی چاودێری ناوەندەکانی خوێندنی ناحکومی بکەن لە جێبەجێکردنی رێنمایی و فەرمانە وەزارییەکان. ئاماژە بەوەش کراوە، هەر کەموکوڕییەک لە قوتابخانە ناحکومییەکان هەبێت دەبێت بە زوترین کات راپۆرت بنێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتی دڵنیای جۆری و سەرپەرشتیکردنی پەروردەیی. ئەوەش خراوەتەڕوو، لیژنەی بەدواداچون لەسەر ئاستی وەزارەت دیاری دەکرێت بۆ سەردانیکردنی قوتابخانە ناحکومییەکان لە ئەگەری دەرکەوتنی کەموکوڕی لە هەر ناوەندێکی خوێندنی ناحکومی ئەوا رووبەڕووی لێپرسینەوە دەکرێتەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە، ژمارەیەکی زۆری قوتابخانەکانە حکومییەکان کۆن و داڕزاون و بە کەڵکی خوێندن نایەن و هەندێکیشیان مەترسی روخانیان لێدەکرێت و ساڵانە خوێندکاران گلەیی ئەوە دەکەن کە قوتابخانەکانیان دوورن لە خزمەتگوزاری و بەشێک لە ژینگەی خوێندن لە هەرێم، ژینگەیەکی نالەبارە و گونجاو نییە بۆ خوێندن.