زێلێنسکی:تا ئەم شەڕە بەردەوام بێت ناتوانین ببین بە ئەندامی ناتۆ

سەرۆکی ئۆکرانیا، دانی بەوەدانا، کە ئەستەمە پێش کۆتایی هاتنی شەڕ لەگەڵ رووسیا ببنە ئەندامی هاوپەیمانێتی ناتۆ.

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئالار کاریس هاوتا ئیستۆنییەکەی، دا وتی: "پەیوەندیکردن بە ناتۆ باشترین گەرەنتییە بۆ ئاسایشی ئۆکرانیا، بەڵام ئێمە تێدەگەین و هیچ وڵاتێکی ئەندام لە ناتۆدا راناکێشینە ناو شەڕەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: ئێمە تێدەگەین تا ئەم شەڕە بەردەوام بێت نابینە ئەندامی ناتۆ، نەک لەبەر ئەوەی نامانەوێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەستەمە.

ئەمە دانپێدانانە یەکەمجارە لەلایەن سەرۆکی ئۆکرانیا، کە لە سەرەتای شەڕی رووسیاوە فشارەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات وڵاتەکەی بخاتە نێو ئەو هاوپەیمانێتیەوە.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو زێلێنسکی داوای کرد وڵاتەکەی و مۆڵدۆڤا بچنە نێو ناتۆ و رایگەیاند، گومانەکان لە پەیوەست بوونی وڵاتەکەی لە هاوپەیمانێتیەکەوە، ئەوروپا دەخەنە مەترسییەوە.

ناتۆ کە لە بنەڕەتدا پشتگیری لە ئەندامبوونی ئۆکرانیا دەکات، بەڵام چوونە ناو هاوپەیمانییەکە رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان،چونکە رووسیا ئەم فراوانکردنە بە هێڵی سوور دەزانێت.

هەروەها ئالار کاریس سەرۆکی ئەستۆنیە، پشتگیری خۆی بۆ ئۆکرانیا لە بواری شەڕ و رێگای هاوپەیمانیی و ناتۆ دووپاتکردەوە.

لە کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ کە لە مانگی تەمموزی داهاتوودا لە ڤیلنیۆس بەڕێوەدەچێت، پرسی ئەندامێتی ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.