لە بارەی سزای بانکی و داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا روونکردنەوە دەدرێت

راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هیچ سزایەکی بەسەر عێراقدا نەسەپاندوە، تەنها ئەوەیە لە هەندێک کاتدا هۆشداری پەیوەست بە سیاسەتی بانکی ئاڕاستەی عێراق دەکات، لە بارەی داواکارییەکەی سەدریش وتی، "هەندێک لە هێزە سیاسییەکان ئەو ئاڵنگاریانە سەوز دەکەنەوە کە بەردەوام روبەڕوی عێراق دەبێتەوە." فادی شەمەری راوێژکاری سیاسی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، جەنگی وروسیا و ئۆکرانیا کاریگەری ئەرێنی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبوو، ئەویش لە رووی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و ئاڕاستەی هاوکێشەی نێودەوڵەتی لە گرنگی سەقامگیری ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئاماژەی بەوەشکرد، عێراق لە هەوڵدایە بۆ پێکهێنانی "سندوقی هاوبەشی" لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، جگە لەوش لە دروستکردنی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو بوە. ئەوەشی خستەڕوو، هێزە سیاسییەکان سروشتی ئەو ئاڵنگاریانە سەوزدەکەنەوە کە بەرەنگاری عێراق دەبێتەوە، ئەوەش لە داواکاری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بەدی دەکرێت، رەوتی سەدریش زیاتر پەیوەستە بەو راسپاردانەی لەلایەن موقتەدا سەدر خۆیەوە دەردەچێت. لە کۆتایشدا ئەوەی ئاشکرا کرد، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هیچ سزایەکی لەسەر عێراق نییە، بەڵام هەندێک کات هۆشداری سیاسی ئاڕاستەی عێراق دەکات، چونکە حکومەتی پێشوو پێویستییەکانی سەکۆی ئەلیکترۆنی جێبەجێ نەکردبوو.