“تەنیا لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە به‌غدا مووچەی فەرمانبەران ده‌نێرێت”

  وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی دڵنیا کردۆتەوە،  تەنیا لە رێگەی حکومەتی هەرێمەوە مووچەی فەرمانبەران دەنێرن. پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیای نزیک لە پارتی راگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق محەممەد شیاع سوودانی دڵنیایی داوەتە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، کە حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نانێرێت، چونکە نادەستوورییە، بەڵکو لە رێگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەی فەرمانبەران رەوانە دەکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی رابردوودا لەلایەن هەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکێتی و نەوەی نوێ و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، واژوو بۆ رەوانەکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەی راستەوخۆ لەلایەن بەغداوە کۆکرایەوە. شایەنی باسە رۆژی (11ـی تشرینى یه‌كه‌مى 2023) پێشه‌وا هه‌ورامانی، وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا سه‌باره‌ت به‌ مووچه‌ی مانگه‌كانی 10، 11 و 12ـی ئه‌مساڵ رایگه‌یاندبوو، بڕی ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی كه‌ له‌ به‌غداوه‌ به‌قه‌رز بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌نێردرێت، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و مانگانه‌ی پێ پڕ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ مووچه‌ به‌ فه‌رمانبه‌ران نه‌دراوه‌، واته‌ مانگه‌كانی 7، 8 و 9ـی ئه‌مساڵ.