پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو بوونە. هاوکات چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆن لەو چەند ڕۆژەدا وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی ئەیلوولی 2024 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، وتی: ئەمڕۆ لە دیوانی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەک لەسەر داواکاری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە چوو، کە لێژنەی ئەمنیی پارێزگا، فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و نوێنەرانی داواکاری گشتی تێیدا بەشدار بوون.
پارێزگاری هەولێر، دەڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا ڕێنماییەکی 15 خاڵی دەرچوو لەسەر چۆنیەتی بانگەشەکردنی کاندید و لایەنە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردن، هەروەها دەبێت ڕەچاوی ڕێنماییەکان بکەن، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، هەموو ئامادەکارییەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر لەبارەی هەڵمەتی بانگەشە و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن تەواو کراون و، ئامادەکاری دەزگا ئەمنییەکانیش بەشێک دەبێت لە سەرخستنی پرۆسەکە.
ناوبراو هیوادارە تەواوی کاندید و لایەنە سیاسییەکان ڕەچاوی رێنماییەکان بکەن لە پێناو جوانهێشتنەوەی سیمای شار و پاکڕاگرنتی شوێنە گشتییەکان.
ئومێد خۆشناو، وتی: چاوەڕوان دەکرێت کۆمیسیۆن لەو چەند ڕۆژەدا وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری بکات و ئومێد دەکەین نە هیچ لایەنیێکی سیاسی نە هیچ کاندیدێک پێشیلکاری نەکات و نەچێتە خانەی ناوزڕاندن.