سوودانی: عێراق لە باشترین دۆخدایە!

سوودانی: عێراق لە باشترین دۆخدایە!

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە رووی ئەمنییەوە وڵاتەکە لە "باشترین دۆخدایە"، بۆیە داوای لە کۆمپانیاکان کرد وەبەرهێنان لە عێراق بکەن.

ئایار 3, 2023 20:12
سوودانی: عێراق لە باشترین دۆخدایە!
0

لایک

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رۆژی چوارشەممە، 03-05-2023، لە بەغداد بەشداری لە کۆنگرەی وەبەرهێنانی کانزایی، پترۆکیمیایی و پەین و چیمەنتۆ کرد. سوودانی لێرەدا رایگەیاند، عێراق لە شەڕی داعش تەنیا بەرگری لە خۆی نەکرد، بەڵکو بەرگری لە ناوچەکە و جیهان و کۆی مرۆڤایەتی کرد.

باسی لەوەش کرد، “ئێستا عێراق لە رووی ئەمنییەوە لە باشترین دۆخ دایە. هێزەکان کۆنترۆڵیان بەسەر هەموو خاکی عێراقەوە هەیە. هەڕەشەی داعش نییە، بەڵکو داعش تەنیا گرووپی بچووکن خۆیان لە ئەشکەوت و چیاکان دەشارنەوە، کۆنترۆڵی یەک مەتر خاکی عێراقیان بەدەستەوە نییە. هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرەکانەوە دەتوانن سەقامگیری و ئاسایشی هەموو عێراق بپارێزن.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق وتیشی”لە رووی سیاسییەوە، حکومەت پشتیوانییەکی فراوانی سیاسی هەیە، فراکسیۆنێکی پەرلەمانی پێشتیوانی دەکات کە لە 280 پەرلەمانتار پێکهاتووە لە کۆی 329 پەرلەمانتار. ئەو فراکسیۆنە کە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکان و گەلی عێراقی و هێزە سیاسییە سەرەکییەکان دەکات. هەموو ئەمانە بنەما و توخمی بەهێزن بۆ ئەوەی هەنگاو بنێن بەرەو جێبەجێکردنی پلانی پەرەپێدان، ئاوەدانی و ئابووری و خزمەتگوزاریی”.

سوودانی پەیامێکی بۆ وەبەرهێنەرانیش هەبوو و رایگەیاند، سوود لە دەرفەتی وەبەرهێنان وەربگرن رەنگە ئەمڕۆ ئەو دەرفەتە هەبێت، بەڵام لەکاتەکانی داهاتوودا رەنگە بەردەست نەبێت.

لەبارەی دۆخی ئابووریش سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، “چاکسازیی ئابووری بووەتە کاری لە پێشینەی حکومەت، ناکرێت هەر دیلی دەستی یەک سەرچاوەی داهات بن کە نەوتە. پێویستە بیر لە کەرتی دیکە بکرێتەوە کە بەشداربێت لە بەرهەمی خۆجێیی جگە لە نەوت.”

سوودانی ئاماژەی بەوەدا “یەکێک لە گرنگترین ئەو کەرتانە، کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵە. وێڕای نەوت، عێراق وڵاتێکی پیشەسازیی و کشتوکاڵییە، چونکە ژێرخانی هەیە، لە رووی پیشەسازییەوە ژێرخانی هەیە و سەرچاوە و دەرامەتی هەیە تائێستا سوودی لێوەرنەگیراوە. عێراق لە ئاستی جیهان لە یەدەگی کبریت یەکەمە، لە یەدەگی فۆسفات دووەمین وڵاتە، چەندین کانزای هەیە سوودی لێوەرنەگیراوە، بۆیە سامانی سرووشتی هەیە پێویستە سوودی لێوەربگیرێت.”

سەرۆکوەزیرانی عێراق دڵنیایی دایە وەبەرهێنەران و وتی، ئامادەن هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت بکەن، بۆ ئەوەی بێنە عێراق وەبەرهێنان بکەن.

راشیگەیاند، لەم مانگەدا کۆنگرەیەکی زۆر گرنگ دەکرێت سەبارەت بە رێگەکانی پەرەپێدان، دوای گەڕێکی سەردانی وڵاتانی دۆست و دراوسێ گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنی سەرەتایی بۆ خستنەڕووی پرۆژەیەکی گرنگ و زیندوو و ستراتیژی بۆ عێراق و ناوچەکە.

سوودانی ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆژەکە پێکدێت لە دروستکردنی بەندەر تاوەکو شاری پیشەسازی و شاری نیشتەجێبوون، تا دەگاتە ئەو رێگەی کە بەندەری فاو بە تورکیا دەبەستێتەوە لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.  زیاتر وتی “ئەمە پڕۆژەی کۆمپانیاکان یان وەزارەتێک نییە کە گرێبەستێک بکات، بەڵکو ئەمە بەرژەوەندیی وڵاتانە کە لەسەر مێز گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، ئەمە ئەو دیپلۆماسییە بەرهەمدارەیە، کە پەرەپێدان لە ناوچەکەدا دروستدەکات.”

En az 10 karakter gerekli