وەزارەتی خوێندنی باڵا 70 کورسیی سکۆلەرشیپ لە رووسیا ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم 70 کورسیی سکۆلەرشیپ بۆ خوێندنى (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) لە وڵاتی ڕووسیای فیدراڵ ڕادەگەێنێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی 10ـی 2023 لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستا و فەرمانبەران و هاووڵاتییانیی هەرێم ئاگادار دەکاتەوە "وڵاتی ڕووسیای فیدراڵ (70) کورسی خوێندنى وەک سکۆلەرشیپ بۆ تەواوکردنى خوێندنى (بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا) بۆ ساڵى خوێندنى (2024-2025) پێشکەش بە هەرێم کردووە." وەزارەتی خوێندنی باڵا مەرجەکانی خوێندنی لە زانکۆکانی ئەو وڵاتە خستووەتەڕوو، دەتوانن لەڕێگەى ئەم بەستەرەوە داواکارى پێشکەش بکەن:- 1- مەرجەکان بۆ خوێندنى بەکالۆریۆس: • پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێم بێت. • دەبێت لە هیچ دامەزراوەیەکى حکوومەتی هەرێم دانەمەزرا بێت. • بۆ ئەو پێشکەشکارانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی شەشی زانستییان لە 85% کەمتر نەبێت، بۆ ئەوانەشى کە پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی شەشی زانستیان لە 80% کەمتر نەبێت، هەروەها بۆ ئەو خوازیارانەى کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی شەشی زانیستیان لە 75% کەمتر نەبێت. • کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت. 2- بۆ خوێندنى باڵا/ ماستەر:- • پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێم بێت. • پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە یەکێک لە دامەزراوەکانی هەرێم، دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لەپاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە. • دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە 65% کەمتر نەبێت. • داواکار دەبێت لەهەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت). • کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. • کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕووسیا پشتگیری دارایی دەکرێت. 3- بۆ خوێندنى باڵا/ دکتۆرا: • پێشکەشکار دەبێت هاووڵاتی هەرێم بێت. • پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە یەکێک لە دامەزراوەکانی هەرێم، دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لەپاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە. • دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە 70% کەمتر نەبێت. • داواکار دەبێت لەهەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتە ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت). • کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان. • کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی روسیا پشتگیری دارایی دەکرێت. • لەبەر ئەوەی پێشکەشکردن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی وێبسایتى سکۆلەرشیپەکەیە وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکى لەبەردەست نییە تاوەکو کاری لەسەر بکات، بۆیە تاوەکو دەرچوونی ئەنجامی سکۆلەرشیپەکە بەهیچ شێوەیەک سەردانی وەزارەت مەکەن. • کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسییەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەڕێگەی ئەم بەسەتەرەوە پڕ بکاتەوە • هەر پێشکەشکارێک ئەم مەرج و ڕێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.