شارەوانی هەولێر: بۆ دروستکردنی خانووی دابەش دوو سەردانمان بکەن


سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر داوا لە هاوڵاتییان دەکات، بۆ وەرگرتنی ڕێگەپێدانی دروستکردنی خانووی دابەش دوو، سەردانیان بکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 16ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیار و ڕاسپاردەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتو گوزار لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی هاووڵاتیان و دانیشتوانی شاری هەولێر، بەمەبەستی ڕێپێدانی دروستکردنی خانوو بەشێوەی دابەش دوو، داوا لە هاوڵاتیان دەکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی سنوری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر بکەن بەمەبەستی ڕاییکردنی مامەڵەکانیان بەپێی ڕێکارو ڕێنماییە یاسایەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار .

سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە، لە ڕێنماییەکانی پێشوودا ڕێپێدان بەشێوەی دابەش دوو بۆ هەموو هاووڵاتیەک ڕێگەپێدراو نەبوو، بەڵام لە پێناو خزمەتکردنی هاوڵاتیان بە گشتی و خەڵکی کەم دەرامەت بەتایبەتی، بەپێی ڕێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی، لە ئێستادا ڕێپێدان هەموو ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە ڕێژەی لە (60٪)ی بینای دابەش دووی لێ دروستکراوە، هاوکات هەر بەپێی ڕێنمایییەکان، هاووڵاتی دەتوانێت بە یەک ناو لە وێنەی تۆمار، دوو خانوو بەشێوەی دابەش دوو دروست بکات بەپێی جێبەجێکردنی مەرج و ڕێکارەکان .