ئەنجومەنى وەزیران تاوتوێی سەردانى شاندەکەى هەرێم بۆ بەغداد دەکات

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات و چەند بابەتێک تاوتوێ دەکات. ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی دەکات. بە گوێرەی راگەیەندراوی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، لە تەوەری یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان لیژنەی داراییی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەکەدا پەسەند کران و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنیان دەخرێتە ڕوو. تەوەری دووەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت دەبێت بە میوانداریکردنی دیوانی چاودێریی داراییی هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی خستنەڕووی دوادەرەنجامی پرۆسەی وردبینیی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی داراییی فیدراڵی و هەرێم، سەبارەت بە داهات و خەرجییەکان و میلاکی گشتی لە هەرێمی کوردستان.