قوباد تاڵەبانی: قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی داهاتووی هەرێمەکەمانی خستووەتە مەترسییەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی دۆخی هەرێمی بە "ناسەقامگیر" دادەنێت و دەڵێت، "ململانێی ناتەندروست و قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی داهاتووی هەرێمەکەمانی خستووەتە مەترسییەوە"

رۆژی دووشەممە 05-06-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جێسیکا سڤاردسترۆم، باڵیۆزی سوێد لە عێراق کۆبووەوە و باسیان لە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد. 

لەبارەی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "جەختمکردەوە کە تەنها بەیەک گوتاریی و یەکڕیزییەوە دەتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین." 

دەقی راگەیێندراوی کۆبوونەوەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی سوێد لە عێراق

"ململانێی ناتەندروست و قۆڵبادانی حیزبی و شەخسی داهاتووی هەرێمەکەمانی خستووەتە مەترسییەوە، بەتایبەت کە لەدۆخێکی سیاسی و ئابووری ناسەقامگیرداین.

لەکۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێز جێسیکا سڤاردسترۆم باڵیۆزی سوید لە عێراق باسی کێشە ناوخۆییەکانی کوردستانمان کرد و جەختمکردەوە کە تەنها بەیەک گوتاریی و یەکڕیزییەوە دەتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین."