بوومەلەرزەیەک چینی هەژاند و 126 باڵەخانە و خانووی رووخاند

بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چینی هەژاند و بەهۆیەوە زیاد لە 21 کەس برینداربوون و نزیکەی 126 خانوو و باڵەخانە رووخان.
دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.4 پلەی رێختەر ناوچەکانی رۆژهەڵاتی چینی هەژاند و بەهۆیەوە 21 کەس بریندرابوون و دەیان خانوو رووخان.

لە چەند گرتە ڤیدیۆیەکیشدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە دەرکەوتووە، رووناکییە هەڵواسراوەکان و زەوی خانووەکان دەلەرزن و خەڵک لە ماڵەکانیان هاتوونەتە دەرەوە و بە نێو داروپەردووی خانووەکانیاندا دەڕۆن.

بەپێی داتای دەستەی رووپێوی جیلۆجی ئەمریکا، بوومەلەرزەکە لە کاتژمێر 02:33ـی ئەم بەیانییە بووە و لە دووری 26 کیلۆمەتر لە باشووری شاری دیتشۆ و لە قوڵایی 10 کیلۆمەتر بووە.

هەر لەو بارەیەوە میدیای سی سی تی ڤی فەرمی چین بڵاویکردەوە، زیاتر لە 21 کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەوە برینداربوون و نزیکەی 126 خانوو و باڵەخانە رووخاون و لە دوای بوومەرەلزەکە 52 پاشبوومەلەرزە روویداوە.