سێشەممەی 25ـی ئاداری 2025، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، لەزاری شەش سەرچاوەی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، ئەمریکا لیستی ئەو مەرجانەی خستووەتە بەردەم حکومەتی نوێی سووریا، لە بەرانبەر کەمکردنەوەی بەشێک لە سزاکان، ئەمریکا دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی کە کەسانی بیانی هیچ پۆستێکی باڵایان لە حکومەتی وڵاتەکەدا پێنادرێت.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە دا، ناتاشا فرانچێسکی، جێگری یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لە 18ـی ئادار لە برۆکسل لیستی داواکارییەکانی وڵاتەکەی گەیاندووەتە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا.
سەرچاوەکان بە ئاژانسەکەیان وتووە، لە نێو ئەو مەرجانەی کە ئەمریکا دایناوە، لەناوبردنی هەر کۆگایەک کە چەکی کیمیایی ڕژێمی پێشووی تێدا مابێتەوە، هەروەها دەبێت حکومەتی نوێی سووریا هاوکار بێت لەگەڵ هاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا.
بە پێی سەرچاوەکان، ئەمریکا داوای لە سووریا کردووە، کەسێکی پسپۆر ڕاسپێرێت و هەماهەنگ بێت لەگەڵ ئەمریکییەکان بۆ دۆزینەوەی ئۆستین تایسی ڕۆژنامەنووس، کە زیاتر لە 10 ساڵە لە سووریا بێسەروشوێنە.
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەگەر سووریا بە هەموو مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بێت، ئەوا ئەو کات ئەمریکا ئامادەیە بەشێک لە سزاکانی سەر وڵاتەکە هەڵگرێت.