دادگەی فیدراڵی لەبارەی سکاڵای تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم کۆدەبێتەوە

هەفتەی داھاتوو دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق لەسەر دوو سکاڵای تایبەت بە موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە کە لەسەر ھەردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەرێم و وەزیری دارایی تۆمارکراون.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی فیدراڵی، رۆژی یەکشەممە یەکەم دانیشتنی دادگا لەبارەی سکاڵایەک بەڕێوەدەچێت کە لەلایەن چوار فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر ھەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و ھەرێم تۆمارکراوە.

لە سکاڵاکەدا داواکراوە دادگا ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێم پابەند بکات بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و پێدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لەکاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتن و گێڕانەوەی مافەکانیان.

ھەمان رۆژ دادگەی فیدراڵی بۆ جاری دووەم تاوتوێی سکاڵایەک دەکات کە لەلایەن نۆ فەرمانبەری ھەرێمەوە لەسەر سەرۆک وەزیرانی ھەرێم و وەزیری دارایی ھەرێم تۆمارکراوە.

سکاڵاکارەکان، داوایان لە دادگەی فیدڕاڵی کردووە حکومەتی ھەرێمی کوردستان پابەند بکات  یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت وەک خۆی جێبەجێ بکات بەتایبەت ماددەکانی (٦ و ٧ و ٨ و ٩) و بڕیاری راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش ھەڵبوەشێنێتەوە.