وتەبێژی حکومەتی هەرێم زانیاری نوێ لە بارەی نرخی بەنزین ئاشکرا دەکات

وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، جێبەجێکردنی ماددەکانی یاسای بودجە دەستی پێکردووە و هیچ بەربەستێک لە بەردەم ناردنی موچە و شایستەداراییەکانی هەرێم نەماوە و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق رێککەوتن هەیە بۆ ناردنی یەک ملیۆن لیتر بەنزینی رۆژانە.

پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، لە بارەی سووتەمەنییەوە بەرەوپێشچوونێک لە نێوان هەرێم و بەغداد بوونی هەیە و لە ماوەی رابردوو ناردنی پشکی بەنزین و سووتەمەنی لە بەغداوە بۆ هەرێم دوادەکەوت و بەڵام ئێستا چارەسەر بووە. ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارتی سامانە سرووشتییەکان رێککەوتوون لە هەفتەی داهاتووەوە رۆژانە بڕی یەک ملیۆن لیتر بەنزین بۆ هەرێم بنێرن و رێگەپێدانی کۆمپانیاکان و بەنزینخانەکان بۆ هاوردەکردنی بەنزین هاوکاردەبێت بۆ کەمکردنەوەی نرخەکەی. ئەوەشی خستەڕوو، لەگەڵ جێبەجێکردنی بڕگە و ماددەکانی یاسای بودجە هیچ بەربەستێک لەبەردەم نەک تەنها مووچەی فەرمانبەران بەڵکو لە بەردەم ناردنی سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم نەماوە و پرسی مووچە لە پێشەنگی کارەکانە. ئەمەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە 50 رۆژ بەسەر وادەی دابەشکردنی مووچەی مانگی حوزەیران رۆیشتووە و تەنها چەند رۆژێکە دەست بە دابەشكردنی کراوە و نرخی لیترێک بەنزینیش لە شار و ناوچەکانی هەرێم بۆ سەروو هەزار دینار بەرزبووەتەوە.