شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق دێتە هەولێر

شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، بۆ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێم دەگاتە هەولێر. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 08-07-2024، شاندێکی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق سەردانی هەولێر بکات و لەنێو باڵەخانەی وەزارتی پێشمەرگە؛ وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان--عێراق بکات. لیوا توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە میدیای پارتی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوی فەرمی داوایی لە حکومەتی فیدراڵی کردووە، ئەو شاندەی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، سەردانی هەولێر بکات بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان. بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبارەی داواکارییەکانی حکومەتی عێراق لە وەزارەتی پێشمەرگە، وتی "ئەوان داوای ناوی چواری، کۆد، بایۆمەتری و شوێنی دەوامکردنی ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان دەکەن؛ جگە لەوەش داوای ناوی سیانی دایکی هێزەکانی پێشمەرگە کراوە". بە وتەی لیوا توانا سدیق، "شاندەکەی حکومەتی عێراق بەڵێنیان داوە، ئەگەر کێشەیەکیش لە لیستی مووچە هەبێت، ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان رانەگرن تا کێشەکە یان تێبینیەکە چارە دەبێت". بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و پەرەپێدان لە وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکە هەموو ئامادەکارییەکی بۆ پێشوازیی لە شاندەکەی چاودێریی دارایی عێراق کردووە بە مەبەستی وردبینی لە لیستی مووچەی هێزە ئەمنییەکان.