ئەندامێتی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ لەلایەن لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا پەسندکرا.
لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامێتیی وڵاتی سوید لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 26-12-2023، لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا، بەئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ پەسندکرد.
بەشێک لە پەرلەمانتاران داوای بەڵێننامەی حکومەتی سویدیان لەبارەی نیگەرانییەکانی تورکیا کرد و بریاریش درا درێژە بە دیالۆگ بدرێت. فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروبارەکانی دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: “سوید لە بابەتی کۆکردنەوەی سەرمایە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی هەنگاوی ناوە، بەڵام لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا هێشتا ئەنجامی چاوەڕوانکراومان نەبینیوە”.
دوای ئەوەی هەریەک لە پەرلەمانتارانی ئەندام لە لیژنەکە بۆچوونی خۆیان دەربڕی، ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ خرایە دەنگدان و پەسندکرا. بەگوێرەی رێکارەکانی پەرلەمان، لە هەنگاوی داهاتوودا بابەتی ئەندامێتیی سوید لە ناتۆ، بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و بریاری کۆتایی لەسەر دەدرێت.
رۆژی 28-6-2022، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند و ماگدالینا ئەندەرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوید و یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا لەسەر داواکاریی بە ئەندامبوونی سوید و فینلاند کۆبوونەوە. لایەنەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن. لە کۆبوونەوەکەدا تورکیا بە مەرج، هەڵوێستی ئەرێنیی بەرامبەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە ناتۆ نیشاندا.