راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە رایگەیاند، گرێبەستی پڕۆژەکانی بەرنامەی “رێگای گەشەپێدان” لەگەڵ تورکیادا واژۆ دەکەن و داوادەکەن هەموو نەخشە و دیزاینەکان بەگوێرەی ئەو واقیعە ژینگەیی و رێگا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامبدرێن کە لەگەڵ عێراقدا دەگونجێن.
ناسر ئەسەدی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری گواستنەوە بە رۆژنامەیکی عێراقی راگەیاند، “هیوادارین بەم نزیکانە عێراق و تورکیا پڕۆژەکانی پەیوەست بە بەرنامەی (رێگای گەشەپێدان) واژۆ بکەن، کە بریتییە لە پرۆژەی هێڵی زەمینی و هێڵی ئاسنین کە کەنداو بە سنووری تورکیا دەبەستێتەوە و بڕیارە پشتی پێ ببەسترێت لەوەی ببێتە هێڵێکی گواستنەوەی بنەڕەتی بۆ گواستنەوەی شتومەک و کاڵا لە نێوان رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپادا”.
ئاشکراشی دەکات، “ئەنقەرە گرنگییەکی زۆر بە پڕۆژەی ستراتیژی رێگای گەشەپێدان دەخاتەروو کە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەستیپێکرد”.
ئەسەدی ئاماژە بەوەش دەکات، “عەلی سەمین، دامەزرێنەری پلاتفۆرمی لێکۆڵینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و زەریای هێمن پێیوایە پڕۆژەکە دەبێتە جێگرەوەیەک بۆ عێراق، کە داهاتەکەی تەنها بەندە بە نەوتەوە”.
بەگوێرەی وتەی راوێژکاری سەرۆک وەزیران، پڕۆژەکە هاوکارە لە گەشەی ئابووری تورکیا و بەرزکردنەوەی توانای کێبڕکێی لە کەرتی وزە و چالاکییە بازرگانییەکانی وزەدا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە مانگی ئازاری رابردودا لە میانەی دیدارەکەیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، “نیازی خۆمان پشتڕاستکردوەتەوە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەین لەپێناو تەواوکردنی پڕۆژەی (رێگای گەشەپێدان) کە ئامانج لێی درووستکردنی رێڕەوێکی گواستنەوەی وشکانی و هێڵی ئاسنینە کە لە بەسرە تا سنووری تورکیا، درێژدەبێتەوە”.
راوێژکاری سەرۆک وەزیران دەڵێت، “پێویستە وەبەرهێنان لە پرسی پرۆژەی (رێگای گەشەپێدان)دا لەگەڵ تورکیادا فەراهەمبهێنرێت و کاربکرێت بۆ ئەنجامدانی رێککەوتن لە هەموو رووەکەوە و پێشەنگی بدرێت بە پرسی ئاو لە وڵاتدا، لەگەڵ راکێشانی سەرنجی زیاتری تورکای بۆ وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموونەکان بۆ مەودایەکی درێژخایەن”.